سزا ئابوریه‌كانی سەر ئێران به‌رده‌وام ده‌بن

وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند، سزاكان له‌سه‌ر هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ ئێران به‌رده‌وام ده‌بن، ئه‌گه‌رچی‌ ڕێكه‌وتنی‌ ئه‌تۆمی‌ له‌نێوان ئێران‌و گرووپی‌ (5+1)دا واژۆكراوه‌. 
به‌گوێره‌ی‌ به‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی‌ خۆی‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، حكومه‌تی‌ تاران ڕێگه‌پێدراو نییه‌ تا ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگی‌ تر فرۆشتنی‌ نه‌وت زیاد بكات. 
هه‌ر له‌و به‌ڵگه‌یه‌دا كه‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، ئه‌و سزایانه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا به‌سه‌ر هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ ئێراندا سه‌پاندوونی‌، به‌رده‌وام ده‌بن‌و نابێت حكومه‌تی‌ تاران ڕۆژانه‌ له‌ملیۆنێك به‌رمیل زیاتر بفرۆشێت. 
باسی‌ ئه‌وه‌شكراوه‌، به‌رده‌وامی‌ سزا ئابوریه‌كان ده‌بێته‌ هۆی‌ زیانی‌ زیاتر بۆ نه‌وتی‌ ئێران، له‌كاتێكدا تاران له‌ماوه‌ی‌ ڕابردوودا ڕه‌خنه‌ی‌ له‌حكومه‌تی‌ به‌غدا گرت، به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی‌ بۆشایی نه‌وتی‌ ئێرانی‌ له‌ڕێكخراوی‌ ئۆپیكدا پڕكردووه‌ته‌وه‌.