نێچیرڤان بارزانی: كابینەی نوێ‌،ھەلی کار دابیندەكات

لە رێورەسمی پیشانگەی ھەلی کار دا کە لە ھەولێر کرایەوە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگه‌یاند دابینکردنی ھەلی کار بابەتی گرنگی کابینەی داھاتوو دەبێ.
 
بە بەشداری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و کونسوڵی ژمارەیەک وڵاتی بیانی و نوێنەری UN و بەرپرسانی ئیداری ھەرێم، رێورەسمی رەخساندنی ھەلی کار  لە ھەولێر بەڕیوەچوو.
نێچیرڤان بارزانی لە وتارێکدا وتی ” مەبەستی رێکخستنی ئەو رێورەسمە دروستکردنی پردێکە لە نیوان کومپانیاکان و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانە بەتایبەت ئەوانەی بەدوای ھەلی کار دا دەگەڕێن. ئێمە وەک حکومەت ئەمە بە کارێکی پێویست بۆ گەشەپێدانی بواری و وەبەرھێنان دەزانین و کاریگەری لە سەر بوار ئابوری دەبێ و دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری لەناو کۆمەڵگە”.
ھەروەھا وتی “حکومەتی ھەرێم لە ئێستادا ناتوانی دەرفەتی کار بۆ سەرجەم دەرچوانی زانکو و پەیمانگاکان بڕەخسێنێ، بەڵام سوریین لە سەر ئەوەی کە ھەموو ھەولێک بدەین بۆ ئەوەی بازاری کار چالاک و شەفاف بێ”
باسی له‌وه‌شكرد وەزارەتی کار و کاروباری کومەڵایەتی لە حکومەتی ھەرێم لە نێزیکەوە کاری زۆر جدی لە بارەی رەخساندنی ھەلی کار کردووە. وەازرەتی بازرگانی و پێشەسازی و سامانە سروشتیەکان و دەستەی وەبەرھێنان و فەرمانگە پەیوەندییەکان و زانکۆکان جەخت لە رەخساندنی دەرفەتی زیاتری کار بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێم دەکەنەوە.
سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لەبارەی ئابووری ھەرێمی کوردستان وتی “ھەرێم لە بواری ئابوریدا گەشەی باشی بەخۆیەوەبینیووە بۆیە دەبێ کومپانیا ناوخۆییەکان شێوازی کارکردنیان مودێرن بێ و داوا لە کومپانیا ناوخۆییەکان دەکەم لەسەر بنەمای توانا و لێھاتوویی و بەشێوەکی دادپەروەرانە کارمەند دابمەزرێنن. ھەروەھا داوا لە کۆمپانیا بیانیەکان دەکەم پابەند بن بە ستاندەرتە نێودەوڵەتیەکان لە دامەزراندنی  کارمەند و پەرەپێدانی سەرچاوە مروڤایەتییەکان.”
لەبارەی رەخساندنی ھەلی کار لە پرۆگرامی حکومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی وتی “کار و رەخساندنی کار یەکێکە لە بابەتە ھەرە گرینگەکانی کابینەی داھاتوو. ئێمە باوەڕمان بە کەرتی تایبەت ھەیە کەلە ھەر ولاتێکدا کەرتی تایبەت داینەمۆی کاریگەرە بۆ ئابوری ھەر ئەو ولاتە. ھەروەھا ئێمە کار دکەیین بۆ سەقامگیری ئابوری ،سیاسی وکومەڵایەتی.”
ھەروەھا گوتی: ” خۆشحاڵین کە توانیمان ٤٠ کۆمپانیا لێرە کۆبکەینەوە کە ٤٠٠ ھەلی کار بۆ ئەو کەسانە دەرەخسێنن کە بەدوای کاردا دەگەڕێن.”
رێورەسمەکە بە پشتگیری ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و بەشداری ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانیەکان بەڕێوەچوو.