وۆركشۆپێك سەبارەت بە شاری پیشەسازی گەرمیان

بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی نەخشەی بنەڕەتی ئامادەكراوی شاری پیشەسازی گەرمیان كە رووبەرەكەی 2400 دۆنم زەوییە، بە ئامادەبوونی جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی پرۆژەكە، وۆركشۆپێك لە هۆڵی وەرزش و لاوانی گەرمیان ئەنجامدرا. 
 
 
بەڕێوەبەری ناوچە پیشەسازییەكانی دەرەوەی سلێمانی، سەڵاح حەمەخان، لەسەرەتای وۆركشۆپەكەدا، تیشكی خستەسەر شاری پیشەسازی گەرمیان و ئاماژەی بەوەدا: دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دروستكردنی چوار ناوچەی پیشەسازی لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك و ئیدارەی گەرمیان دا، لە ئێستادا كاركانی ناوچەی پیشەسازی گەرمیان لە چاو پارێزگاكانی‌دیکە هەنگاوی باشی بڕیوە و نەخشە و دیزانیی بەرەو تەواوبوون دەچێت.
 
روونیشیكردەوە: شاری پیشەسازی گەرمیان كە دەكەوێتە باشوری رۆژاوای شاری كەلار، لەسەر رووبەری 2400 دۆنم زەوی، بەشێوازێكی مۆدێرن درووستدەكرێت و دەیان كارگەی گەورە و جۆراو جۆری تێدا دادەنرێت.
 
هەر لە ۆركشۆپەكەدا، بەرپرسی كۆمپانیای جێبەجێكاری دیزاینی شاری پیشەسازی گەرمیان، پۆختە و كارو چالاكی و هەموو ئەو زانیارییانەی خستەڕوو، كە لە نەخشە و پێكهاتەكان پشتیان پێبەستراوە.
 
لەبەشێكی‌دیکەی وۆركشۆپەكەدا، لەلایەن ئامادەبووان و لایەنە پەیوەندیدارەكان و گفتوگۆ لەبارەی شاری پیشەسازیی گەرمیان كراو و تاوتوێی سەرنج و تێبینییەكان كرا.
 
لای خۆشیەوە دەربارەی پرۆژەكە، یونس ئەحمەد جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ ئامانج لە دروستكردنی شاری پیشەسازی گەرمیان گرنگیدانە بە بواری بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و ناوچەی گەرمیان بە تایبەتی، كە چەندین كارگە لە بوارەكانی، كارەبایی و ئامێرسازی و ئەلیكترۆنی و پێداویستی بیناسازی و پێداویستی ئۆتۆمبیل لەگەڵ چەندین كارگەی بواری جیاواز تێیدا دروستدەكرێت.
پەیامنێر