وێنەوزانیاری ..لەسوید ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەگەڵ كۆمپانیای AFكۆبۆوە

دووەم گەورە كۆمپانیای جیهانی كە لە بواری ووزە و پیشەسازی و ژینگە كاردەكات لەووڵاتی سوید خۆشحاڵی خۆیان ڕاگەیاند بۆ كاركردن لە كوردستان.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەووڵاتی سوید ئەمڕۆ 6/11/2013 لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی گەورە كۆمپانیای  AFلەبارەگای سەرەكی خۆی لە ووڵاتی سوید كۆبونەوە و تیایدا قسەو گفتوگۆكرا لەسەر بەرەو پێشبردنی ڕەوشی ژینگە و پیشەسازی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت شاری سلێمانی.
لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا بەرپرسانی  AF ئەوەیان بۆ ئەندامانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕونكردەوە كە ئەوان لە زۆرێك لە ناوچەكانی جیهاندا كاریان كردووە و ئۆفیسیان هەیە لەبواری پاكردنەوەی ئاوی پاشەڕۆ دووبارە بۆ خواردنەوە و دروستكردنی بەندا بۆ گلدانەوەی ئاو.
لای خۆشیەوە بەختیار مەحمود مەلا ئەمین نوێنەری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕای گەیاند كۆبونەوەكەی ئەمڕۆمان لەگەڵ كۆمپانیا بەتواناكانی سویددا گرنگی خۆی هەبوو بەتایبەت ئەو كۆمپانیا بەهێزانەی كە دەتوانن بەشێوەیەكی زۆر باش شاری سلێمانی بەرو پێش ببەن لە پاكردنەوەی ئاو و ژینگە بەتایبەت ئاوی دەریاچەی دوكان و دەربەندیخان كە خەڵكی هەرێمە كوردستان بەكاری دەهێنن بۆ خواردنەوە كە ئاوەڕۆكانی تێكەڵ دەبێت بۆ نمونە ئاوەڕۆی سلێمانی كە دەڕژێتە دەرباچەی دەربەندیخان و ئاوی دوكانیش ئاوەڕۆی پشدەری تێكەڵ دەبێت و شاری سلێمانی بۆ خواردنەوە بەكاری دەهێنێت.
ئاماژەی بەوەشدا ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم كۆمپانیایانە لە شاری سلێمانی كاربكات بۆ پاراستنی ژینگە و پاكردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆ كە لە ئێستادا ئاو یەكێكە لە داهاتە گرنگەكان لە جیهان.
كۆمپانیای  AF یەكێكە لە كۆمپانیا گەورەكانی جیهان كە لە زۆرێك لە ووڵاتەكانی جیهاندا لقی هەیە و زیاتر لە 700 كارمەندی لە بارەگای سەرەكی كاردەكات و گرنگی دەدات بە بواری ژینگە و پیشەسازی و ووزە.