گرێبەستی ریسایكلنی سلێمانی واژوكرا

لەمەراسیمی واژۆكردنی پرۆژەی ریسایكلین لەدیوانی پارێزگای سلێمانی، بەبەشداری جێگری سەرۆكی حكومەت و پارێزگاری سلێمانی و وەزیری تەندروستی و وەزیری ئاوەدانكردنەوە، پرۆژەكە كەوتە بواری جێ‌ بەجێكردنەوە.
 
ئەم پرۆژەیە لەلایەن كۆمپانیای(لافارج و گروپی كۆمپانیاكانی فاروق)جێ‌ بەجێ‌ ئەكرێت، بۆ دامەزراندنی كارگەیە بۆ چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاك لەناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی دادەمەزرێت.
لەوبارەیەوە پارێزگاری سلێمانی بەهرۆز حمە صالح وتی” لەلایەن لیژنەیەكی باڵای شارەوانی هەڵ سەنگاندنیان بۆ ئەم كۆمپانیایە كرد لەسەر بنمای چوارخاڵ، یەكەم ماوەی جێ‌ بەجێ‌ كردنی پرۆژەكە، دووەم قەبارەی كارگەو خەتی بەرهەم هێنان لە پرۆژەكەدا، سێیەم ئەو نرخەی پێشكەشی داكات بۆ ریسایكلینی هەرتەنێك لە خۆڵ و خاشاك، چوارەم رێژەی داپۆشینی خۆڵ  لە20%زیاتر نەبێت”.
 
 
وتیشی” ئەم پرۆژەیە ئەزمونێكی تازەیە بۆ هەرێمی كوردستان، پێشتر گرێبەستی لەو جۆرە لەهەرێمی كوردستاندا ئەنجام نەدراوە”.
 
بەهرزۆ حمە صاڵح ئاماژەی بەوەشكرد” بەپێی گرێبەستەكە هەردوو كۆمپانیاكە ئەبێت لەماوەی یەك ساڵ و نیودا، كارگەكانی ریساكلین و بەرهەم هێنان جێ‌ بەجێ‌ بكات و دەست بكەن بەكاركردن، لە بەرامبەردا بۆ هەرتەنێك خۆڵ بڕی 18.8دۆلار ئەدرێت بەو كۆمپانیایە”.
 
زرنگ فاروق نوێنەری گروپی كۆمپانیاكانی فاروق رایگەیاند” ئەم رۆهاتینە خزمەتی شاری سلێمانی بەبەشداریكردنمان لەپرۆژەیەكی گرنگی مێژووی بۆ یەكەم جار لەعێراق و كوردستاندا هەڵئەستین بە جێ‌ بەجێ‌ كردنی ئەم پرۆژەیە”.
 
راشیگەیاند” خۆمان بەبەر پرسیار ئەزانین بەرامبەر  بەدابین كردنی ژینگەیەكی پاك و تەندروست بۆ دانیشتوانی شارەكەمان، ئەتوانین ئەمجارە مژدەی چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاك بدەین بەدانیشتوانی شاری سلێمانی”.
 
پرۆژەی ریساكلینی سلێمانی لەناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی دادەمەزرێت، لەلایەن كەرتی تایبەت و كەرتی گشتیەوە بەڕێوە دەچێت، ئەم كارگەیە توانای چەرەسەركردنی 400تۆن خۆڵ و خاشاكی هەیە لەساڵێكدا.