بەریتانیا.. قەڵەوەكان كرێ فرۆكەی زیاتر دەدەن

دادگای تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا بڕیارێكی دەركرد كە دەڵێ نابێ قەڵەوەكان داوای یاسایی تۆمار بكەن كاتێك لە میانی گەشتكردنیان بە فڕۆكە دووچاری هەڵوێستی ناخۆش دەبن بەهۆی كێشی زیادیانەوە. 
 
دوو گەشتیار داوایەكیان لەسەر كۆمپانیای بریتیش ئەیروەیز و تۆماس كۆك تۆمار كرد كە سكاڵایان لەسەر رووبەڕووبوونەوەی مامەڵەی ناخۆش لە كاتی گەشتكردندا بەهۆی قەڵەوییەكەیانەوە دەربڕیبوو و لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دوو گەشتیارە مافی قەرەبووكردنەوە و داوای لێبوردنیان بردەوە، بەڵام ئەو دوو كۆمپانیایە جارێكی تر تێهەڵچوونەوەیان دژی بڕیارەكەی دادگا بەرز كردەوە و ئەمجارەیان سوودیان كرد.
دادگا پشتی بە بەڵننامەی مۆنتریالی نێودەوڵەتی بەست كە پەیوەندی بە گەشتی ئاسمانییەوە هەیە و ئەمەش دەرگای ئەوە واڵا دەكات لەبەردەم كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی كە بریتی یە  لەوەی پارەی زیاتر لە هەر كەسێك وەربگرێت كێشی لە سەروو ناوەندەوە بێت، یان رێگەی نەدات گەشت بە فڕۆكەكانی بكات.
ئەوەی لە بڕیارەكەی دادگادا هەیە بە گشتی ئەوەیە كە كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی ئێستا دەتوانن بەو شێوەیەی دەیانەوێ مامەڵە لەگەڵ قەڵەوەكاندا بكەن و ئارامییان لەبەرهەڵگرن. بەم پێیە گەشتیار تا فڕۆكەكە لەسەر زەوییە هەموو مافێكی ئەو وڵاتەی هەیە كە تێیدایە و هەر هێندەی فڕۆكەكە كەوتە بۆشایی ئاسمانەوە دەچێتە چوارچێوەی رێكەوتنی مۆنتریالەوە كە ئەو مافانەی پێنادات كاتێك لەسەر زەوی هەیەتی.
رۆژنامەی دەیلی میلی بەریتانی لە دانیال بارنیتی لە نوسینگەی ئۆتر تیمبیلی لەندەنی گواستەوە كە بڕیاری تێهەڵچوونەوەی دادگا مانای ئەوەیە كە تیمی فڕۆكەكە دەتوانن بە ڕاشكاوی قسە لەگەڵ كەسی قەڵەودا بكەن و بێزاری بكەن بە هەموو شێوەیەك و تێی بگەیەنن كە ئەوان دڵخۆش نین بە بوونی قەڵەوەكان لە نێو فڕۆكەكانیاندا و قەبارەی گەورەی ئەوان گەشتیارەكانی تەنیشتیان سەخڵەت دەكات و لە كاتی نانخواردنی نێو گەشتەكەدا ئەوان ناچار نین مامەڵەی تایبەت لەگەڵ قەڵەوەكاندا بكەن و خواردنی زۆرتریان بۆ دابین بكەن.
هەروەها گوتی ئەمە هەمووی دەكرێ بەبێ ترسان لە هیچ سزایەكی یاسایی و بەبێ ئەوەی گەشتیار مافی پۆزش بۆهێنانەوە و وەرگرتنی قەرەبووی هەبێت. ئەمە هەمووی سەردەكێشێ بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی پارەی زیاتر لەو گەشتیارانە بسەنن كە كێشیان لە ئاسایی زیاترە و بۆ ئەوەش كۆمپانیاكان دەتوانن هەر كەسێك كە پێیان وابێ لە كێشی ئاسایی قەڵەوترە بكێشن و دواتر بەپێی كێشەكەی پارەی لێوەربگرن و رێگەی بدەن گەشت بكات.