دەزانیت سەروەت وسامانەكەی فاروقی مەلا ستەفا چەندە؟

فاروقی مەلامستەفا، بازرگانی ناسراوی کوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند، سامان و سەرمایەی خۆی بە خەمڵێنراوی نزیکەی 2.7 ملیار دۆلارە و بەهای کۆمپانیای ئاسیا سێڵیش 5 ملیار دۆلارە.
ئەم گوتانەی فاروقی مەلا مستەفا دوای راپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ دێت، لەسەر سامانەکەی.
ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی، لە راپۆرتێکدا باس لە سەرمایەداری کورد، فاروقی مەلا مستەفا دەکات و دەڵێت، سەرمایەکەی بریتییە لە 2.7 ملیار دۆلار. لەبارەی سەرمایەکەشیەوە، راپۆرتەکە ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، كە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ دووەم گەورەترین کۆمپانیای پەیوەندییە لە عێراق و فاروق خاوەنی تەنها لە 28% ی پشكەكانیەتی، كە دەكاتە بڕی 1.4 ملیار دۆلار.
هەروەها لە راپۆتەکەدا هاتووە “بەڵام ئەمە هەموو سامانی فاروقی مەلا مستەفا نییە، بەڵكو ئەو خاوەنی كۆمپانیای چیمەنتۆ، ستیل و تەکنەلۆژیاشە و هەموو سامانەكەشی بە 2.7 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.”
ئەو زانیارییەکانی بلۆمبێرگی ئەمریکی بۆ (رووداو) پشتڕاستکردەوە و گوتی:” هەموو زانیارییەکانی بلۆمبێرگ راستن و ئەو سامانەش، کە رایگەیاندووە2.7 ملیار دۆلارە نزیکەی ئەوەندەیە و خەمڵیندراوە، لەبەر ئەوەی ژماردە نییە، کە بیژمێرین.”
گۆڤارەکە ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، کە پشکی فاروقی مەلا مستەفا لە ناو ئاسیا سێل تەنها %28ە.
 فاروقی مەلا مستەفا، کە دامەزرێنەر و سەرۆکی بۆردی بەرێوەبردنی ئاسیا سێڵە، گوتیشی:” ئێمە لە ئاسیا سێڵ پشکی گەورەترمان هەبوو، هەندێکیمان لە بازاڕی بۆرسەی عێراقە و کۆمپانیایەکی پشکدارین لەوێ و هەندێکیشمان فرۆشتووەتەوە بۆ ئەوەی پڕۆژەیەکی پێ دروستبکەین لە وڵاتەکەی خۆماندا. پشکی لە سەدا سەدی ئاسیا سێڵ بە نزیکەی 5 ملیار دۆلار لە بازاڕی بۆرسەی عێراقدا خەمڵێنراوە.”
 فاروقی مەلا مستەفا گوتیشی:” من بەردەوام هەرچی دەسکەوتێک هەبێت لە وڵاتی خۆمدا سەرفی دەکەم، بۆ پێشکەوتنی ئابووری وڵاتەکە و خێر و خۆشی میللەتەکەم.”
لە راپۆرتەکەی بلومبێرگ، کە ئەلێکس کادرۆس، ئامادەی کردووە بە ناونیشانی “ملیاردێرە ناسراوەکەی عێراق هەلی کار دەدات بە ژنان لە دوای سەددام حسێن” باس لە رۆڵی فاروقی مەلا مستەفا دەکات لە بنیاتنانەوەی عێراق و گوتەی چەند کەسایەتیەک دێنێتەوە لەسەری.
راپۆرتەکەی بلومبێرگ دەگەرێتەوە بۆ 23.9 و ئەمرۆ لە رۆژنامەکانی کوردستان وەک ئاوێنە بڵاوکراوەتەوە.
دواتر راپۆرتەکە باس لە ژیانی ئەو سەرمایەدارە کوردە لە زاری هاورێیەکییەوە دەکات و دەڵێت، ئەو کەسێکە باوەڕی بە سیستەمی مۆدێرن هەیە و یەکێک لە شتە سەرنج راکێشەکانی لە کۆمپانیاکانی، بریتیە لەوەی رێژەی زۆری کچ دامەزراون.
روداو