تەرازووی پێدان و تەرازووی بازرگانی

تەرازووی پێدان كورتەی كۆمەڵێك كرداری حسابیی بازرگانییە، كە مافی دەوڵەتێك بەرامبەر دەوڵەتەكانی تر، هەروەها قەرزەكانی دەوڵەت بەرامبەر بەدەوڵەتەكانی تر دەردەخات، ئەم ماف‌و قەرزانە لەخشتەیەكدا تۆمار دەكرێت كە بریتییە لەبەهای هەناردە كراوەكان بۆ دەرەوەی وڵات، لەگەڵ بەهای هاوردەكراوەكاندا، هەناردەكراوەكان مان لەكاڵاو كەلوپەل‌و كەرەسەی خاوو خزمەتگوزارییەكان.. هتد، وەك ماف تۆمار دەكرێت، لەبەرامبەریشدا هاوردەكراوەكانمان بەقەرز لەتەرازووی پێواندا تۆمار دەكرێت.
لەكۆتایی ساڵدا بەهای ئەم ماف‌و قەرزە نێودەوڵەتیانە یەك دەخرێت‌و تەرازووی پێوانی ئەو دەوڵەتە پێكدێت.
بەپێی ئەم تەرازووە، هەموو دەوڵەتێك (باری ئابووری خۆی بەتایبەت لەرووی بازرگانی دەرەكییەوە)، بەرامبەر ئەو دەوڵەتانەی كە كرداری بازرگانی دەرەكییان لەگەڵدا دەكات هەڵدەسەنگێنێت، تەرازووەكە زیاد دەهێنێت واتە قەرزدەر دەبێت ئەگەر بەهای لایەنی مافەكانی زیاتر بوو، لەكاتێكدا ئەگەر لایەنی قەرزەكانی زیاتر بێت تەرازووەكە قەرزا دەبێت واتە كورتی هێناوەو پێویستە راست بكرێتەوە.
ناوەڕۆكی بەهای تەرەزاووی پێدان دەكرێت بەچەند بەشێكەوە، وا زۆر بەكورتی لەسەری دەدوێن:
1- حساباتی بەها بینراوەكان (كاڵاو كەلوپەل).
2- حساباتی بەها نەبینراوەكان (خزمەتگوزارییەكان).
3- وەبەرهێنان‌و قەرزەكان.
4- بەهای قەرەبووكراوەكان‌و بێ بژاردنەكان.
5- بەهای زێڕ.
1- بەها بینراوەكان:
بریتییە لەكۆی بەهای هاوردەو هەناردەكراوەكان لەكاڵاو كەلوپەلی ماددی، كە لەبازگەكانی گومرگدا تۆماركراوە، جێی ئاماژەیە بڕگەكانی ئەم دوولایە واتە (هەناردەو هاوردە) لەكاڵاو كەلوپەل لەبەها بینراوەكان ناوی (تەرازووی بازرگانی) لێدەنرێت كە بەشێكی گرنگە لەتەرازووی پێدان.
2- بەها نەبینراوەكان:
بریتییە لەكۆمەڵە بەهایەكی جیاواز لەماف‌و قەرزەكان كە لەئەنجامی خزمەتگوزارییەكان‌و خەرجییە جیاوازەكان پێكدێت، كە دەوڵەتێك پێشكەشی دەوڵەتێكی تریدەكات، یان پێشكەشی دەكرێت.
3- بەهای قەرەبووكراوەكان و بێ بژاردنەكان:
وەكو قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانانەی عێراق داوێتی لەكوەیت، لێرەدا لەتەرازووی عێراقدا بەقەرز تۆماردەكرێت‌و لەتەرازووی كوەیتیشدا بەماف تۆماردەكرێت.
4- بەهای زێڕ:
بەماف بۆ ئەو وڵاتە تۆماردەكرێت كە هەناردەی دەكات‌و بەقەرز بۆ ئەو وڵاتەی هاوردەی دەكات. 
5- وەبەرهێنان‌و قەرزەكان‌و سوودەكانی:
ئەو دەوڵەتەی قەرز ئەدات بڕی قەرزەكان‌و رێژەی سوودەكانی ساڵانەی بەماف تۆماردەكات، بەپێچەوانەوە ئەو وڵاتەی قەرزەكان وەردەگرێت.