ڕۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەدەكات

كۆمپانیای‌ نەوتی‌ باشور ڕۆژانە دوو ملیۆن ‌و دووسەد هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی‌ دەرەوەی‌ وڵات دەكات، بەگوێرەی‌ زانیارییەكانی‌ كۆمپانیای‌ نەوتی‌ باشور، جگە لەوەی‌ هەندێك جار كێشەی تەكنیكیی هەیە، بەڵام بۆرییە نەوتییەكانی‌ لەلایەن تیرۆرستانەوە نەتەقێندراونەتەوە، ڕۆژانەش دوو ملیۆن‌ و دووسەد هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لەئێستادا كۆمپانیای‌ نەوتی‌ باكور ڕۆژانە سێسەد هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، بەهۆی‌ كۆنیی‌ بۆرییەكانەوە ناتوانرێت بەگوشار نەوتەكە هەناردە بكرێت، زۆرجاریش بۆرییەكانی‌ ڕووبەڕووی‌ پەلاماری‌ تیرۆرستی‌ دەبنەوە. باس لەوەشكراوە، وەزارەتی‌ نەوتی‌ عێراق بڵاویكردۆتەوە، ئاستی‌ هەناردەكردنی‌ نەوتی‌ عێراق لەمانگی‌ ئەیلولدا شەست و دوو ملیۆن ‌و سەد هەزار بەرمیل بووە، بەڵام لەئابدا هەشتاو نۆ ملیۆن ‌و نۆسەد هەزار بەرمیل نەوت هەناردە كراوە.