بۆ یەکەمجار بارھەڵگری سعوودی لە دەروازەی عەرعەرەوە ھاتنە خاکی عێراقەوە

سەرچاوەیەک لە پارێزگای ئەنبار رایگەیاند، سێ بارهەڵگری سعوودی کە کاڵای جیاوازی وڵاتەکەیان هەڵگرتبوو لە دەروازەی عەرعەر بۆ یەکەم جار هاتنە ناو خاکی عێراقەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد، دەروازەی عەرعەر لە رۆژئاوای ئەنبار هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی سعوودیە، یەکەمجارە دوای بە فەرمی کرانەوەی پێشوازی لەو سێ بارهەڵگرە سعوودیە بکات و بەوەش جووڵەی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵات دەستپێدەکاتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، کە هێزە ئەمنییەکان ئاسایشی ئەو هێڵە نێودەوڵەتییە خێرایەیان لە ئەستۆ گرتووە، بە دێژایی رۆژ ئەو بارهەڵگرانە دەپارێزن کە لە سعوودیەوە کاڵا هاوردەدەکەن.

روونیشی دەکاتەوە، کە هێزە ئەمنییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرپەرشتی ئەو دەروازەیە دەکەن و پشكنین بۆ شۆفێران و کاڵاکان دەکان، هەروەها لە تاقیگەشەوە کاڵاکان دەپشکنن بۆ ئەوەی دڵنیابن لە باشی و بەرواری بەسەرچوونی.