ئۆپیک پڵەس ساڵی داهاتوو بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزدەکاتەوە

ئەندامانی ڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەس ڕێککەوتن لە ساڵی داهاتووەوە ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت لە بەرهەمهێناندا زیاتر بکەن لەو بڕەی ئێستا هەیە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، لە کۆبوونەوەکانی ئەندامانی ڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەس بڕیاری ئەوەدراوە کە ساڵی داهاتوو بڕی بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر بکەن، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو ئومێدەی کە خواست لەسەر نەوت زیاتر دەبێت.

چاوەڕێدەکرێت ساڵی داهاتوو بەهۆی کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاریگەری ڤاکسینەکانی کرۆنا بازاڕی وزەی جیهانی جوڵەی تێکەوێتەوە و خواست لەسەر نەوت بەرزبێتەوە.

بەپێی هەواڵەکەی ڕۆیتەرز چەندین وڵاتی بەرهەمهێنانی نەوت لەوانە ڕوسیا و عێراق و ئیمارات پێشوازیان لە بڕیارەکەی ئۆپیک پڵەس کردووە بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت.

ئۆپیک پڵەس لە ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپیک و چەند وڵاتێکی دیکەی دەرەوەی ڕێککەوتنی ئۆپیک پێکهاتووە، لەوانە ڕوسیا و مەکسیک و بەحرێن و سودان و ئازەربایجان و مالیزیا و عەممان.

ئەندامی ئۆپیکیش سەرەکیترینیان بریتیین لە وڵاتانی ، عێراق، ئێران، سعودییە،کوەیت، ڤانزیۆلا،قەتەر،لیبیا.