بەھای دۆلار نرخی كەرەستەكانی بیناسازی بەرزدەكاتەوە

لە ھەرێمی كوردستان کەرەستە بیناسازیەکان بەھۆی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلارەوە نرخیان بەرزبووەتەوە، بازرگانان و ھاووڵاتییانیش نیگەرانن و داوای دابەزینی نرخەکانیان دەکەن، بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی كەرستەكانی بیناسازی، پڕۆژەكان بە سستی بەڕێوەدەچن و بەشێكیشیان وەستان.

ھەرچەندە پڕۆژەکان بەھۆی کۆرۆنا، کەمیان کردووە، بەڵام بەپێچەوانەوە کەرەستەكانی بیناسازی بەتایبەت شیش و چیمەنتۆ نرخیان بەرزبووەتەوە. ژووری بازرگانی سلیمانیش ھۆکاری بەرزبوونەوەی کەرەستەکان بۆ بەرزبوونەوەی دۆلاری ئەمەریکی دەگەڕێنێتەوە.

لەوبارەوە سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی بە كوردستان24ی گوت: “بەرزبوونەوەی نرخی چیمەنتۆ و شیش جیھانییە، جگە لە بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار، خواست لەسەر شیش و چیمەنتۆ زیادیكردووە”.

ئەو شیش و چیمەنتۆیەی رۆژانە لە سنووری سلێمانی  بەرھەم دەھێنرێت، جگە لەوەی خواستی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە، ھەناردەی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش دەکرێت، ئەوەش ھێندەی تر خواستی لەسەر ئەو دوو کەرەستە سەرەکیەی بیناسازی زیاد کردووە.

ئێستا نرخی ھەر تۆنێک چیمەنتۆ بە 60 دۆلارە و شیش بە 600 دۆلار، لەکاتێکدا پێش بەرز بوونەوەی دراوی ئەمەریکی کەمتر بوون، بازرگانان و ھاووڵاتیانیش نیگەرانن و داوای کەمکردنەوەی دەکەن، بەوپێەی کارەکان زۆرینەی راوەستاوە و خەڵکانێک بەھۆی زیادبوونی نرخەکان بێکاربوون.