’’نەوتی عێراق بەرەو عەقەبە ده‌چێت لەبری توركیا’’


بڕیارە سبەینێ مستەفا مەدبولی، سەرۆك وەزیرانی میسر سەردانی عێراق بكات کە ئەوەش بۆ یەكەمجارە دوای ساڵی 2003 قاهیرە لەو ئاستە بەرزەدا سەردانی عێراق بکات.   
ڕۆژنامەی ئەلجەریدەی كوەیتی  بڵاویكردەوە (هەینی، 30ی تشرینی یەكەمی 2020)، هەردوو وڵات كۆمەڵێك ڕێككەوتننامە واژۆ دەكەن لە بوارەكانی تەندروستی و گواستنەوە و نیشتەجێكردن، دواتریش ئوردن دێتە ناو گفتوگۆكان لە چوارچێوەی هەماهەنگی سێ قۆڵیی هەردوو وڵات.  
هەر بەپێی ئەم زانیاریانە، عێراق خواستی ئەوەی هەیە نەوتی بەسرە بچێتە میسر بۆ پاڵاوتن و ساغكردنەوە، جاران بەشی زۆری نەوتی عێراق هەناردەی بەندەری جەیهانی توركی دەكرا، جگە لەوەش هەردوولا قسە لە ڕاكێشانی هێڵی كارەبای میسر دەكەن بۆ عێراق و پەیوەستكردنی هەردوولا بەیەكترەوە چونكە میسر لەچاو وڵاتانی ناوچەكە 50% سەررێژی كارەبای هەیە و بە هێڵێكیش لە ساڵی 1999دا گەیاندوویەتی بە ئوردن.  

ڕۆژی 25ی ئابی 2020، کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەنێوان عێراق و ئوردن و میسر لە عەمانی پایتەخت ئەنجام درا کە تایبەت بوو بە دۆخی ئابوریی و هه‌ماهه‌نگی هه‌رسێ وڵات بۆ زیاتر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌ بازرگانیه‌كانیان.  

لەکاتی بەڕێوەچونی دیداری لوتکەیی عێراق، میسر و ئەردەن کە هەریەکە لە مستەفا کازمی و شا عەبدوڵا و عەبدولفەتاح سیسی تیایدا بەشداربوون، کازمی وتارێکی پێشکەش کرد وتی: “وڵاتەکانمان پێویستی بە جەنگ نییە، بەڵکو ئەوەی ئێستا گرنگە بۆ گەلەکانمان تەنها گەشەکردن و بەرقەراکردنی ئاسایشە”.