لیژنەی دارایی پەرلەمان وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراق دەداتەوە

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت، بەوەی حکومەت ناتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابینبکات، و داوای تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای قەرز دەکات. لە کاتێکدا بەهۆی درەنگکەوتنی مووچەوە 15 ملیۆن هاووڵاتی راستەوخۆ زەرەرمەند دەبن.

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، پێویستە حکومەت مووچەی فەرمانبەران خەرج بکات بە تایبەت کە چەندین بژاردەی لەبەردەستە.

کۆچەر دەشڵێت، خەرجنەکردنی مووچە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر 6 ملیۆن و 500 هەزار فەرمانبەر دەبێت، جگە لە خانەنشینان و کەرتی تایبەت کە 15 ملیۆن هاووڵاتی زەرەرمەند دەبن.

ئاماژە بەوەشدەدات، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان،  کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەردەوامە و رەزامەند نین لەسەر هیچ خەرجییەک جگە لە خەرجی مووچە نەبێت.