حکوومەتی عێراق بڕی هەناردە و داهاتی نەوتیی مانگی تەمموز ئاشکرا دەکات

وەزارەتی نەوتی حکوومەتی عێراق بڕی هەناردە و داهاتی نەوتیی مانگی تەمموزی رابردووی وڵاتەکەی، ئاشکرا دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە 25-8-2020، کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، لە مانگی رابردوو (مانگی 7ـی 2020)، عێراق 85 ملیۆن و 663 هەزار و 291 بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە.

داهاتی ئەو بڕە نەوتەی لە مانگی رابردوو هەناردەکراوە، هەروەک سۆمۆ (کۆمپانیایەکی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقە)، رایگەیاندووە، سێ ملیار و 491 ملیۆن و 767 هەزار دۆلار بووە.

بڕی نەوتی هەناردەکراوی ناوچە جیاوازەکان لە مانگی 7ـی 2020:

– 82 ملیۆن و 700 هەزار و 381 بەرمیل لە کێڵگەکانی بەسرە و ناوەڕاستی عێراق.

داهاتی ئەو بڕە نەوتە هەناردەکراوە بریتی بووە لە سێ ملیار و 366 ملیۆن و 66 هەزار دۆلار.

– دوو ملیۆن و 701 هەزار و 15 بەرمیل لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک.

داهاتی ئەو بڕە نەوتە هەناردەکراوە بریتی بووە لە 118 ملیۆن و 536 هەزار و 773 دۆلار.

– 261 هەزار و 895 بەرمیل لە پاڵاوگەی سەمود بۆ ئوردن

داهاتی ئەو بڕە نەوتە هەناردەکراوە بریتی بووە لە حەوت ملیۆن و 164 هەزار و 134 دۆلار.