مامۆستایەک لە سلێمانی بە دیزاینکردنەوەی مۆدێلی نوێی جلوبەرگە کۆنەکان سەرنجی هەموو لایەکی راکێشاوە


جوان ئەبوبەکر ٢٥ ساڵ، کە کاری دیزاینی فاشیۆنە بە ریسایکڵین، بە بەکارهێنانی جلوبەرگی کۆن، دیزاینی جلوبەرگی تازە دەکات و دەیانخاتە بازاڕەوە.

جوان پیشەی مامۆستایە، ماوەی ٤ ساڵێکە سەرقاڵی کاری دیزاینی جلوبەرگە بە بەکارهێنانەوەی جلوبەرگە کۆنەکان.
ئەو باس لەوە دەکات کە ئەو سەرەتا بۆ خۆی کاری کردووە و حەزی بە جلوبەرگێک کردووە کە تایبەت بن بەخۆی و کەسی تر لەبەری نەکردبێت، بۆیە دەستی داوەتە ئەم کارە.
جوان ئاماژە بەوە دەکات کە لەسەرەتای ئەم ساڵەوە دەستی کردووە بە بازاڕ کردنی ئەو جلوبەرگانەی کە دەیان دوورێت، ئەویش لە رێگەی فرۆشتنی ئۆنلاین، لە هەژمارێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرامەوە .

ئەو باس لەوە دەکات کە جلوبەرگە کۆنەکان لەرێگەی هاوەڵێکیەوە بۆی رەوانە دەکرێت، بۆ ئەوەی سەرلەنوێ دیزاینی بۆ بکەنەوەو بیان دوورنەوە بەشێوەیەکی مۆدێرن و مۆدێل و دیزاینێکی جیاواز.

زۆرتر کار لەسەر قوماش و کابۆ دەکات، هاوکات جانتا، پێڵاو، چاکەت یەکێکی ترن لەو کارانەی ئەم سەرلەنوێ دیزاینیان بۆ دەکاتەوە.

جوان دەڵێت، ”وەک کاری مۆدێلینگ، خوشکەکانم هاوکاریم دەکەن، دواتر هاوڕێکانم کاری وێنەگرتنیان بۆ دەکەن، دواتر بڵاوی دەکەینەوە”.

ئەو باس لەوە دەکات سەرەتای هەر هەفتەیەک دیزاینێکی نوێ بڵاو دەکەنەوە دەڵێت، ”ئێمە ئێستا ٢٥ پارچەی نوێمان لایە کە لە جلوبەرگی کۆن دیزاینێکی تازەمان بۆ کردوون و دووریومانەتەوە سەرلەنوێ، ئامادەن بۆ فرۆشتن، سەرەتای هەفتەکان، دیزاینە نوێیەکان بڵاو دەکەینەوە، بۆ هەر دیزاینێک یەک پارچە دەدوورین واتە تەنیا ئەو کەسەی خواستی لەسەرە، دەبێتە خاوەنی ئەو دیزاینە، بەڵام هەندێک جار روو دەدات کە کەسانی تر دێن داوا دەکەن، لەسەرهەمان دیزاینی پێشوو کارەکەیان بۆ بکەین و جلەکانیان بۆ ریسایکلین بکەینەوە”.

ئەو دیزاینەرەی جلوبەرگ ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانجی لەم کارەیە ئەوەیە ژینگە رزگار بکات لەو کەرەستەو قوماش و کەلوپەلە کۆنە بەکارنەهاتووانە، هەرچەندە ئەمە کارێکی تاکە کەسیە، بەڵام هەرچۆنێک بێت هەوڵێکە بۆ رزگار کردنی زەوی لەو پاشماوەو کەرەستە بەکارنەهاتووانەی کە فڕێ دەدرێن و دەڵێت، ”ئێمە لەم رێگەیەوە سەرلەنوێ بەکاریان دەهێنینەوە. بۆیە هیوادارم کە کەسانی تر لەماڵەکانیاندا دەست بدەنە ئەم کارە لەپێناو رزگار کردنی زەوی لە پیسبوونی ژینگە”.

جوان سەبارەت بە داهاتووی پیشەکەی دەڵێت، ”ئێمە لەسەرەتای کارەکەداین، بەڵام لە داهاتوودا هەوڵ دەدەین کە براندێکی ریسایکڵین دروست بکەین بۆ جلوبەرگ و قوماشەکانی کە بەکار نایەت”. 

ئەو گەنجە ٢٥ ساڵە حەز دەکات هەموو کەس لەلای خۆیەوە هەوڵ بدات کە زەوی رزگار بکات لەو پاشماوانە، ئەویش بەبەکارهێنانەوەیان و دەڵێت، ”هیواخوازم نەک تەنیا بۆ جلوبەرگ و جانتاو پێڵاوەکانیان، بەڵکو بۆ هەموو شتێکی تر، هەوڵ بدەن سەرلەنوێ بە دیزاینێکی ترەوە کەلوپەلەکانیان نۆژەن بکەنەوە و دیزاینێکی تری پێ بدەنەوە و بەکاری بهێنن”.

جوان دەڵێت، ”کاتێک خۆت جلوبەرگێکی بەکارهاتوو دەهێنیت و دەستکاری دەکەیت، وەک ئەوە نیە کە لە بازاڕدا هەیە و بەجوملە دەفرۆشرێت، بەڵام کارێک کە بەتەنیا کارت لەسەر کرد و زۆر ماندوو بوویت پێیەوە و تەنیا تۆ توانیت لەبەری بکەیت، یان بەکاریبهێنیت، هەستێکی خۆشەو جیاواز دەبێت و دیزاینێکی جوان دەبێت”.