یەکێتی ئەوروپا نەوت لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکڕێ

دیپبلۆماتكارانی یەکێتی ئەوروپا پێشبینی دەکەن کە حکومەتەکانی یەکێتییەکەیان رێگە بە کۆمپانیا بازرگانییەکان بدەن نەوت لە ئۆپۆزیسیۆن سووریا بکڕن، ئەمەش وەکو هەوڵێک بۆ دەستکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆن لەو ململانێیەی کە لەگەڵ بەشار ئەسەدا هەیەتی.
دووشەممەی داهاتوو وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کۆدەبنەوە بە مەبەستی لابردنی  گەمارۆی سەر فرۆشتنی نەوتی سووریا و ئەنجامبدەنی  وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتدا.
 هاوکات کۆمەڵی مەرج دادەنین بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هیچ جۆرە مامەڵەیەکی بازرگانی لە داهاتوودا لەگەڵ لایەنگرانی بەشار ئەسەد ئەنجام نەدرێت.
دیپبلۆماتکارێکی ئەوروپی دەڵێت ”کڕینی بەرهەمە نەوتییەکان لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە حکومەتەکانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتیمانی سووریا کۆببنەوە بە مەبەستی رێکكەوتن لەسەر شێوازی کاری هاوبەشیان”.
دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١١ شۆڕشی گەلانی سووریا دەستیپێکرد یەکێتی ئەوروپا گەمارۆی خستە سەر رژێمی سووریا و کڕێن و هاوردەکردنی هەموو جۆرە کەلوپەلێکی لە کۆمپانیا ئەوروپییەکانی قەدەخە کرد، لە ئێستاشدا زۆرێک لەو شارە پیشەسازیانە کەوتووەتە دەستی ئۆپۆزیسیۆن.
بەپێی دوایین داتا ئەمریکییەکان لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١١ رۆژانە 150 سەد و پەنجا هەزار بەرمیل نەوت لە سووریا بەرهەم دەهات، بەڵام ئەم رێژەیە لە ئاداری ٢٠١٢ نزیکەی ٦٠% دابەزیوە.