دووبارەکردنەوەی فڕۆکەخانەی بەغدا بەڕووی گەشتیاراندا كرایه‌وه‌


بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (Covid-19)، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە ١٦ی ئادارەوە بەڕووی گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا داخرابوو، بەڵام لەئێستادا و دوای کەمکردنەوەی رێوشوێنەکان، جارێکی دیکە فڕۆکەخانەکە بەڕووی گەشتەکاندا کراوەیە.

بەرپرسی راگەیاندن لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، جیهاد دیڤان باسی لەوە کرد کە لەسەر داوای دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی و ناوەندی قەیرانەکان، فڕۆکەخانەکە بەڕووی گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا کراوەتەوە.

جیهاد دیڤان ئاماژەی بەوەیش دا کە پێویستە گەشتیارەکان لەناو فڕۆکەخانەدا دەمامک و دەستکێش بەکاربهێنن و لە ریزەکاندا رەچاوی دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتیی بکەن و گوتی: “لەنێوان هەر گەشتێکدا، سێ بۆ چوار کاتژمێر ماوە هەیە، ئەم ماوەیەش بۆ ئەوەیە لە پێناو پاراستنی تەندروستیی گەشتیارەکاندا، فڕۆکەکان خاوێن بکرێنەوە و بە دەرمانی دژەبەکتریا بڕشێندرێن”.

یەکەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ شارەکانی دوبەی، کییڤ، بەیروت و قاهیرە ئەنجامدران.