مستەفا کازمی: گەشتەكەمان بۆ ئەورووپا ئەنجامی باشی هەبوو

سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رایگەیاند، ئەو گەشتەی کە بۆ ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەورووپا ئەنجامیان داوە، ئەنجامی باشی هەبووە، بەو پێیەی لە میانیدا ژمارەیەك رێككەوتن و یادشتنامەی لە بوارەكانی گواستنەوە، كشتوكاڵ، فێركردن و رۆشنبیری لەگەڵ فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا واژووكراون.

نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازكردووە كە لە میانیدا مستەفا كازمی تیشكی خستووەتە سەر ئەو گەشتەی كە لە هەفتەی رابردوودا بۆ فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا ئەنجامداوە و وتوویەتی: “ئەو گەشتەی كە بۆ ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەورووپا ئەنجامانداوە، ئەنجامی باشی هەبووە، بەو پێیەی لە میانیدا ژمارەیەك رێككەوتن و یادشتنامەی لە بوارەكانی گواستنەوە، كشتوكاڵ، فێركردن و رۆشنبیری لەگەڵ فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا واژووكراون”.

بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رایگەیاندووە كە فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا خۆشحاڵبوون بە پەڕەی سپی كە حكوومەتی عێراق بە ئامانجی ئەنجامدانی چاكسازی ئابووریی و كارگێڕێی پێشكەشی كردووە و رایگەیاندوو “ئەو سێ وڵاتە پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی پێشوەختە لە عێراق نیشانداوە”.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەیشدراوە لە كۆبوونەوەكەدا، مستەفا كازمی باسی لە خۆپیشاندانەكانی دوو رۆژی رابردوو كردووە و رایگەیاندووە، ژمارەیەك كەسی دەرچوو لە یاسا هەوڵیاندابوو، رێرەوی ئاشتییانەی خۆپیشاندانەكان بگۆڕن و بەرەو ئاراستەیەكی دیكەی بەرن، بەڵام خۆپیشاندەران ئەو هەوڵەیان رەتكردەوە و رایگەیاند: “پێویستە بەرەنگاربوونەوە گەورەكان كە بەرەوڕووی بووینەتەوە، بگۆڕین بۆ سەركەوتن و دەستكەوت بۆئەوەی بتوانین خزمەتی وڵات و گەلەكەمان بكەین”.