وەزارەتی بازرگانی ژمارەیەک کارگە لەگەڵ کەرتی تایبەت دروستدەکات

وەزارەتی بازرگانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە رێگەی پلانێکەوە هەوڵدەدات لەگەڵ کەرتی تایبەت ژمارەیەک کارگەی پیشەسازی دروستبکات، بە جۆرێک کارگەکان بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دابەش بێت، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئاشکرای دەکات،  کارگەکان لەلایەن کەرتی تایبەت و ژمارەیەک کۆمپانیای بیانییەوە دروست دەکرێن.

وەزارەتی بازرگانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگه‌یاند، دروستکردنی کارگە لە ھەرێمی کوردستان ھەلی کار بۆ  گەنجی بێکار دەڕەخسێنێت، دەستی کاری خۆماڵی زۆر دەبێت و ھەناردەکردنی بەرھەم بۆ دەرەوە زیاد دەکات، لە بەرامبەردا ھاوردەکردنی کەل و پەل لە وڵاتانی دەرەوە بۆ ناو ھەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی زۆر کەمدەکاتەوە.

زیادکردنی ھەلی کار لە کەرتی تایبەت و بەگەرخستنی ژێرخانی پیشەسازی، یەکێکە لە بەرنامە سەرەکییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمەش بە سوود وەرگرتن لە سەرمایەی ناوخۆیی و بیانی و دەستی کاری خۆماڵی دەبێت، لە ئێستاشەوە چەندین وڵات ئامادەن پڕۆژەی پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامبدەن.