عێراق ئه‌مساڵ، زیاتر لە ملیۆنێک تۆن گەنمی ناوخۆیان کڕیوه‌


کۆمپانیای گشتی دانەوێڵەی عێراق رایگەیاند، لە 20ـی مانگی نیسان لەسەرەتای دەستپێکردنی وەرزی دروێنەوە، زیاتر لە ملیۆنێک تۆن گەنمی ناوخۆیان کڕیووە.

ئەو کۆمپانیایە رایگەیاند، ئەمساڵ عێراق پێویستی بە هاوردەکردنی ملیۆنێک تۆن هەیە، بۆ ئەوەی یەدەگی وڵاتەکەی لە دانەوێڵە بە هێز بکات، چونکە مەترسییەکان لە رێوشوێنەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهان ماوە و ترس هەیە کێشە بۆ دابینکردنی خۆراک دروست بکات.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەداوە، لە نیسانی رابردووەوە رێکخراوی داعش دەستی بە سووتانی دەغڵ و دانی جووتیاران لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەددین و نەینەوا و کەرکووک کردووە، کە ئامانج لێی زیان گەیاندنە بە ئابووری ناوخۆ و ناسەقامگیرکردنی ئاسایش.

ئەو ئاگر کەوتنەوانەش دوای ئەوە دێت وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاندبوو، ئەمساڵ لە بەرهەمهێنانی دانەوێڵە دەگەنە ئاستی خۆبژێوی.