شیرینیخانەكانی سلێمانی: له‌مانگی ڕه‌مه‌زاندا به‌رهه‌مه‌كانمان خواستی زۆریان له‌سه‌ره‌

شیرینیەکانی لوقمەقازی، زلوبیا و بامێ (داتڵی) یەکێکن لەو شیرینیانەی کە رۆژووانان لە شاری سلێمانی هەر لە زەمانی کۆنەوە حەزیان کردووە بەربانگی پێ بکەنەوە.

زۆرێک لە دووکانەکانی شاری سلێمانی خۆیان ئامادە دەکەن بۆ دروستکردنی ئەو جۆرە شیرینی و خواردنانەی کە رۆژووانان بەربانگی پێ دەکەنەوە. ئەویش بەهۆی ئەوەی کە خواستێکی زۆر لەسەر ئەو جۆرە شیرینیانە دروست دەبێت بەتایبەت لە جۆرەکانی لقومەقازی، زلوبیا و بامێ (داتڵی).

لەمساڵدا بەهۆی رێنماییە تەندروستییەکانی تایبەت بە رێکارەکانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)، زۆرێک لە دووکانەکان تەنها بە رۆژ کراوە دەبن و ژمارەیەکی کەمتر کڕیار بەرێ دەکەن بەهۆی رێگەنەدان بە دروستبوونی قەرەباڵغی، لەکاتێکدا لە ساڵانی رابردوودا ریزێکی زۆر و درێژ دەگیرا بۆ کرینی ئەو جۆرە شیرینیانە.

لەئێستادا چەند دووکانێکی کەم تایبەت بە دروستکردنی ئەو جۆرە شیرینیانە کراونەتەوە، بەهۆی رێکارە تەندروستییەکانەوە، وەستا بەکر محەمەد یەکێکە لە خاوەنی ئەو شیرینیخانانەی کە بەهۆی هاتنی مانگی رەمەزانەوە، بەردەوام سەرقاڵی دروستکردنی جۆرەکانی شیرینین کە لەو مانگە پیرۆزەدا رەواجێکی زۆری لەسەرە.

بەکر محەمەد شەریف ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان رۆژانە لە کاتژمێر دووەوە دەست دەکەن بە دروستکردنی شیرینیەکان و تا دەمەو عەسر لە کاتژمێر چواردا بەرهەمەکانی ئەو رۆژە لە شیرینیەکان دەفرۆشن.

ئەو باس لەوە دەکات کە ئێستا شەش کرێکار لە شرینیخانەکەیدا کار دەکەن بۆ ئەوەی رێژەیەکی پێویست لە شیرینیەکان دروست بکەن، بەڵام هێشتا فریا ناکەون چونکە ئەمساڵ بەهۆی رێکارەکانی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زۆرێک لە دووکان و شیرینیخانەکان داخراون، ئەمەش وای کردووە فشارێکی زۆریان لەسەر بێت لە خواستی کڕینی شیرینیەکان.

بەکر محەمەد شەریف دەڵێت “ئێمە هەموو جۆرە شیرینیەک دروست دەکەین، بەڵام ئەوەی لە رەمەزاناندا زیاتر خواستی لەسەرە بریتین لە لوقمەقازی، زلوبیا و داتڵی کە خێراتر دەفرۆشرێت و بە نرخێکی کەمتر و گونجاو دەستیان دەکەوێت”.

وەستا بەکر محەمەد باس لەوە دەکات کە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی قەرەباڵغی لەبەردەم شیرینیخانەکەیاندا کە یەکێکە لە رێنماییە تەندروستییەکانی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19 )، ژمارەی مۆبایل لە کڕیارەکان وەردەگرن و لەکاتی ئامادەبوونی ئەو بڕ و جۆرەی شیرینی کە داوایان کردووە، تەلەفۆنیان بۆ دەکەن و دێن دەیبە و لەوبارەیەوە گوتی: “خواستێکی زۆر هەیە لەسەر ئەو جۆرە شیرینییانە، رۆژانە ناچارین زیاتر لە ٣٠٠ کریاڕ بگەڕێینینەوە بەدەستی بەتاڵ چونکە فریاناکەوین، ئەویش بەهۆی ئەوەی لە مانگی رەمەزاندا خواستێکی زۆر هەیە لەسەر ئەو جۆرە شیرینیانە و زۆرێک لە دووکانەکانی تایبەت بە شیرینیخانەکان داخراون بەهۆی رێکارەکانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ”.

وەستا بەکر محەمەد باس لەوە دەکات کە لە شیرینیخانەکەیدا شەش کەس کار دەکەن و سێ لەوانە تایبەتن بە بەڕێکردنی کڕیاران تاکو قەرەباڵغی دروست نەبێت لە کاتی ریزگرتن بۆ وەرگرتنی شیرنینەکان.

بەکر محەمەد کە ماوەی ٣٥ ساڵە سەرقاڵی ئەم کارەیە و لە باوکییەوە پیشەکەی بۆ ماوەتەوە باس لەوە دەکات کە رۆژانە زیاتر لە هەزار کڕیار روویان تێدەکەن بۆ کڕینی لوقمەقازی و زلوبیا، بەڵام هاوکات ٣٠٠ی تریش بەڕێ دەکەن بەبێ ئەوەی هیچیان دەست بکەوێت و دەڵێت، “کیلۆی بە دوو هەزار دینارە، بۆیە خواستی زۆرە، شیرینیخانەیەکی کەمیش کراوەتەوە ئەم رەمەزانە، بۆیە فشارێکی زۆرمان لەسەرە”.