نرخی نەوتی خاو لەبازاڕەکان بەرزدەبێتەوە


نرخی نەوتی خاوی ئەمریکی ئەمڕۆ چوارشەممە بەرزبوەوە، توانی هەندێک لە زیانەکانی ئەم دو هەفتەیەی پڕبکاتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئاستی نەوتی عەمبارکراو لە کۆکگاکانی ئەمریکا کەمتر دەرچو لە ئاستی پێشبینیکراو، چەندین جوڵەش لەلایەن وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپاوە دروست بوە بە مەبەستی بوژاندنەوەی کەرتی ئابوری.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی هەر بەرمیلێک لە نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا 93 سەنت زیادیکرد، کە 4.6%ی نرخەکەیەتی و بەوەش گەیشتە 21.39 دۆلار.

هاوکات نرخی نەوتی تەکساسی ئەمریکا زیاتر بەرزبوەوە و هەر بەرمیلێک 1.9 دۆلار کەمیکرد کە 27%ی نرخەکەیەتی و بە 1.4 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

لەم هەفتەیەدا ئاستی نەوتی ناو کۆگاکانی ئەمریکا بە قەبارەی 10 ملیۆن بەرمیل بەرزبوەوە و گەیشتە 510 ملیۆن بەرمیل، ئەمە لەکاتێکدایە پێشبینیدەکرا بە قەبارەی 10.6 ملیۆن بەرمیل بەرزبێتەوە، واتا زیادبونی نەوتی ناو عەمبارەکانی ئەمریکا کەمتربوە لە ئاستی چاوەڕوانکراو، بەوەش هیوای وەبەرهێنەران بە زیادبونی خواست لەسەر ئەو بەرهەمە زیادیکرد.

لەلایەکی دیکەوە وڵاتانی ئیسپانیا، فڕەنسا، نەمسا و سویسرا بەربەستەکانی بەردەم بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان کەمکردوەتەوە، وابڕیارە لە داهاتویەکی نزیکدا کردنەوەی بازاڕە ئابورییەکانیان رابگەیەنن، ئەمەش وایکرد جارێکی دیکە نرخی نەوت بەرزبێتەوە.