سلێمانی …. بڕی بەرھەمە ھاوردەکراوەکان دیاریدەکرێن

بەمەبەستی راگرتنی ھاوسەنگی و زیاد نەبوونی نرخ، ھاوردەی بەروبوومی پەلەوەری دیاری دەکرێت و جێگری بەرێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی-ش رایدەگەیەنێت بەمەرجەکانی ڤێتەنەری و تەندروستی بەرھەمەکان ھاوردە دەکرێت. 

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠٢٠.٤.٢٣ لە دیوانی قائیمقامیەت ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاری کردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانی کۆبوویەوە، پاش ھەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرھەمھێنانی بەروبومی ناوخۆیی، بڕیاردرا پێداچونەوە بەبڕی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بکرێت کە ھاوردەی پارێزگای سلێمانی دەکرێت.

لە دوای کۆبونەوەکەش رزگار حمد خدر- جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی ووتی: بەلەبەرچاووگرتنی ھاوسەنگی راگرتن لە نێوان بەرھەمی ناوخۆ و ھاوردەکراو ، ھەروەھا بەرز نەبوونەوەی نرخی بەرھەمی پەلەوەر لەسەر ھاوڵاتیان، لیژنەکە بڕیاری لەسەر بڕی بەرھەمی ھاوردەکراو داوە بۆ مانگی ٥ (ئایار).
وتیشی/ لە کۆبونەوەکەدا جەخت لەسەر پەرەپێدانی بەروبومی ناوخۆ کراوەتەوە و تێکڕای بەروبومی ھاوردە کەم دەکرێتەوە .

 رزگار حمد ئاماژەی بەوەش کرد: بڕی ئەو بەروبومانەی بۆ مانگی پێنج ھاوردە دەکرێن بریتی یە لە ٣٣٠ تۆن مریشکی بەستوو بەپێی پشکنینی تەندروستی ڕێکارە تەندروستییەکان و ھاوردەکردنی ماسی و ئاژەڵ و گۆشتی سور لەسەر ڕەسیدی مانگی ڕابردوو دەبێت .