رەمەزانی ئەمساڵ بە نیگەرانییەوە پێشوازیی لێکرا

مانگی رەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی رابردوو بە ساروسڕییەوە پێشوازیی لێکرا.

ترسی خەڵک لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەیرانە ئابوورییە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و بەم دوایانەش دابەزینی نرخی نەوت کە دەگوترێ ئەم وڵاتە تووشی قەیرانی مووچە دەکات و دەنگۆی کەمبوونەوەی مووچەی مووچەخۆران لە عێراق، هەموو وایکردنووە ئەم مانگە پیرۆزە کە خۆشەویستترین مانگ بوو بۆ موسڵمانان، بە نیگەرانی و دڵساردییەوە پێشوازیی لێبکرێت.

موسڵمانان لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی موسڵمانانی جیهان، گرنگییەکی تایبەت بە مانگی پیرۆزی رەمەزان دەدەن و بە مانگی خێر و بەرەکەت سەیری دەکەن.

رەمەزان لە هەرێمی کوردستان جیاوازە لە هەموو مانگەکانی دیکە، زیاتر خەڵک بە نزا و چوونە مزگەوتەکان رادەکێشێت. بەڵام ئەمساڵ بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرسی کۆرۆناوە، دەرگای مزگەوتەکان بە رووی موسڵماناندا داخراون.

سەرەڕای ناڕەزایەتی بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرچەشنە گردبوونەوەی خەڵکی قەدەغە کردووە و بۆیەش مزگەوتەکان لەپاڵ قوتابخانە و شوێنە گشتییەکانی دیکە قەدەغە کراون.

جوانی رەمەزان لە هەولێر بە رازاندنەوەی ئەو مزگەوتانە دەکرا و دەنگی بڵندگۆکانی مزگەوتەکان لە کاتی پارشێو و تەراویح، کەشێکی دیکەی بە پایتەخت دەبەخشی کە مرۆڤ هەستی بە ئارامبوونەوە دەکرد.

هاوکات ساڵانی پێشوو، هەفتەیەک بەر لە رەمەزان خەڵک روویان لە بازاڕ و فرۆشگاکان دەکرد و پێداویستی خۆراکیان بۆخۆیان دابین دەکرد، بەڵام قەیرانی ئابووری و دواکەوتنی مووچە، ئەمساڵ بووە هۆی ئەوەی کەمتر خەڵک لە فرۆشگاکان ببینرێت و سەبەتەی کڕیارەکانیش کەمتر کاڵا و خۆراکی تێدا دەبینرا.