بازرگانان لەژووری بازرگانی‌و پیشەسازی کۆبونەوە

بەمەبەستی ئاگادار بوون لەدوا گۆڕانکارییەکانی ڕەوشی بازرگانی‌و ھاوردەکردنی کاڵاو شتومەکان‌، بازرگانانی سنوری پارێزگای سلێمانی، لەژووری  بازرگانی‌و پیشەسازی کۆبۆنەوە.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکانی سنوری پارێزگای سلێمانی کۆبویەوە بەتایبەت ئەو کۆمپانیانەی کە کاڵاو شتومەک ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکەن، لەکۆبونەوەکە گفتوگۆ لە بارەی دواین گۆڕانکارییەکان کرا، بەتایبەتی ھاوردەکردنی کاڵاو خواردەمەنییەکان، کە لەئێستا ھاوردەکردن بەردەوامە، لەسایەی ڕێکارو ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیدا، لەئێستادا کاڵایەکی زۆر لەبەندەرەکانی ئوم قەسرو بەندەر عەباس ھەیە، بۆیە داوا لەحکومەت دەکەن ھاوکاری بازرگانان بکات لەخێراتر ھاوردەکردنی کاڵاکاندا”.

لەکۆبونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە، لەئێستادا سەرجەم کاڵاو ماددە خۆراکیەکان لەمارکێت‌و بازاڕەکاندا ھەیە، بازرگانان دڵنیایی دەدەنە ھاوڵاتیان خۆراک و پێداویستییەکان لەگەنجینەکاندا ھەیە، داواکاریش بون حکومەت کارئاسانی زیاتر بۆ بازرگانان بکات بۆ ھاوردە کردنی کاڵاکان لەدەروازە سنورییەکانەوەو ڕێگری نەکات لەھاوردەکردنی خواردەمەنییەکان‌و پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی ھاوڵاتیان.

لەکۆبونەکەدا بریاردرا بازرگانان‌و خاوەنکاران بەسەرپەرشتی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی کۆمەک‌و ھاوکاری خۆراکی کۆبکەنەوە بۆ سەرجەم ئەو ھاوڵاتیانەی کە داھاتی ڕۆژانەیان بەھۆی قەدەغەکردنی ھاتوچۆوە نەماوەو کەمی کردوە، لەئایندەیەکی نزیکدا شێوازی کۆکردنەوەو دابەشکردنی ھاوکارییەکان لەلایەن ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانیەوە ڕادەگەیەنرێت.