ژمارەی پێوانەیی شكاند

كۆمپانیای سامسۆنگ، لە زاری شین جۆنگ كێنگی، سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیاكەوە رایگەیاند: مۆبایلی (Galaxy S4) توانیویەتی بەئاسانی ژمارەی پێوانەیی بەرهەمی پێشووتری كۆمپانیاكە لە فرۆشتندا بشكێنێت، كە مۆبایلی هۆشمەندی جۆری (Galaxy S3) بوو.
كۆمپانیاكە ئەوەی ئاشكراكردووە: كە لە ماوەی تەنها (1) هەفتەی خستنە بازاری (Galaxy S4) دا، (10) ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە، لە كاتێكدا (Galaxy S3) پێویستی بە (50) رۆژ بوو تا ئەو ژمارەیەی لێ فرۆشرا، ئەمەش وایكرد كۆمپانیای سامسۆنگ مۆبایلی جۆری (Galaxy S4) ی بە پڕفرۆشترین بەرهەمی خۆی دابنێت لە مێژوودا.
كۆمپانیای سامسۆنگ سەرەتا دووكانێكی بچوكی فرۆشتنی میوەو سەوزە بووە لە سییەكانی سەدەی رابردوو لە سیئۆلی پایتەختی ئێستای كۆریای باشور، كە سەرمایەكەی تەنها (35) دۆلاری ئەمریكی بووە، كۆمپانیاكەش لەدوا ئاشكراكردنی داهاتی خۆیدا رایگەیاند: داهاتی ساڵی (2012) ی كۆمپانیای سامسۆنگ بریتی بووە لە بڕی (236) ملیار دۆلاری ئەمریكی.