قایمقامی سلێمانی: لەهەوڵداین بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەیەكی گونجاو بۆ گرفتی گۆڕینی پاسی هێڵەكان

بەپێی راگەیەندراوێكی راگەیاندنی قائمقامیەتی سلێمانی، پاش ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاردا پاسە كۆنەكانی هێڵەكان بگۆڕدرێت بە پاسی نوێی (12) نەفەری بۆ ئەم مەبەستەش حكومەت هاریكاری تەواوی شۆفێران دەكات , ئەو بڕیارە نوێیە ناڕەزای شۆفێرانی تاكسی هێڵەكانی دەرەوەی شاری لە شاری سلێمانی بەدوای خۆیدا هێناو ئەمڕۆ دووشەممە 20/5/2013, شۆفێرانی تاكسی تێرمیناڵی شارەزوور بۆ ماوەیەك مانگرتنیان لەكاركردن راگەیاند , بۆ تەنگەوەچون و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی گرفتەكەیان لەدیوانی قائمقامیەتی سلێمانی ئاوات محەمەد قائمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی لەگەڵ نوێنەری شۆفێراندا كۆبوویەوە و پێی راگەیاندن كە بڕیارەكەی حكومەت لەبەرژەوەندی گشتیدایەو خزمەت بە هەموولایەك دەكات و پێویستە ئاستەنگ و گرفت نەخرێتە بەردەم جێبەجێ كردنیەوە , لەبەرامبەردا شۆفێران رایانگەیاند گرفتی ئەوان وەك شۆفێرانی تاكسی پاسە نوێكانە كە لە جۆری (12) نەفەرییە و ئەمەش كارگەری زۆردەكاتە سەر كاركردنی ئەوان و  وادەكات بەشێوەیەكی گشتی زۆربەی هاوڵاتیان بۆ گواستنەوەیان پەنا ببەنەبەر ئەو پاسانەو بەمەش كاركردنی هێڵەكانی تاكسی رووبەڕووی گرفتێكی زۆر دەبێتەوە , وەك هەوڵێكیش بۆ چارەسەركردنی گرفتەكە قائمقامی سلێمانی رایگەیاند وەك پارێزگای سلێمانی هەوڵەكانیان دەخەنەگەڕ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی گونجاو بۆ ئەوەی بڕیارەكە لەبەرژەوەندی  گشتی هاوڵاتیان و شۆفێرانی هێڵەكانی پاس و تاكسیشدا بێت و زیان گەیاندن نەبێت بۆ سەر بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان , پاش گفتوگۆیان لەگەڵ قائمقامی سلێمانی شۆفێران بڕیاریاندا كۆتایی بە مانگرتنەكەیان بهێنن و بەردەوام بن لەسەر كاركردنیان .