لە ماوەی هەفتەیەكدا بەهای نەوت 10% دابەزیوە


نرخی نەوت لە دابەزیندایە و لە ماوەی هەفتەیەكی رابردوودا 10% لە نرخەكەی كەم بووەتەوە و بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی مانگێكدا دابەزیوە.

ئەو رۆژەی ئێران هێرشە مووشەكییەكەی بۆ سەر بنكەكانی ئەمەریكا لە عێراق ئەنجام دا، نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشا و تا نزیكەی 72 دۆلاری تۆمار كرد. دواتر كە مەترسی روودانی جەنگ بەهۆی وتارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رەوییەوە نرخی نەوت رووی لە دابەزین كردەوە و ئەم دابەزینەش تا ئێستە بەردەوامە.

بەگوێرەی livechart ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 64 دۆلار و 60 سەنت دەفرۆشرێت كە نزمترین نرخی نەوتە لە ماوەی مانگێكی رابردوو تۆمار كرابێت.

هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ئامارەكانی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە كە باس لە بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنان دەكەن. لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی گەردەلوولێكی كەنداوی مەكسیك، سەرووی ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت دابەزیبوو، بەڵام دوو رۆژە دەستی پێ كردووەتەوە و ئەمەش نرخی نەوتی دابەزاندووە.

لە ئاستێكی فراوانتردا باس لەوە دەكرێ كە ئەمەریكا پەرەی بە بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی داوە و قەبارەی رۆژانەی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە نەوتەی بۆ هەشت ملیۆن و 550 هەزار بەرمیل بەرز كردووەتەوە.
فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمەریكا لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، لە سێ مانگی كۆتایی ساڵی 2019، ئەمەریكا بەشێك لە نەوتەكەی هەناردەی دەرەوەی وڵات كردووە.

بەپێی ئامارێكیش كە فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە، لە ساڵی 2019دا بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لەو وڵاتە گەیشتووەتە 12 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل كە بەراورد بە ساڵیك پێشتر ملیۆنێك و 300 هەزار بەرمیل زیادی كردووە. ساڵی رابردوو ئەمەریكا بووە بە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت لە دنیا و پێشبینی دەكرێ ئەمساڵ بەرهەمهێنانەكەی بۆ 13 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل بەرز بكاتەوە و بە جیاوازییەكی زۆر پێشی رووسیا و سعوودیە بكەوێتەوە.

پێشبینی دەكرێت بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە ئەمەریكا لە ساڵی 2021 بگاتە 13 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل. هەر بەپێی ئامارەكان تێكڕای قەبارەی هاوردەكردنی نەوت لە ئەمەریكا لە دوو ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل لە ساڵی 2018 بۆ نیو ملیۆن بەرمیل دابەزیوە.

هاوكات پێشبینی كراوە قەبارەی هەناردەی نەوتی ئەمەریكا ئەمساڵ بگاتە 800 هەزار بەرمیل و بۆ ساڵی داهاتوو بەرەو ملیۆنێك و 400 هەزار بەرمیل بەرز ببێتەوە و هەمووی ئەو گۆڕانکارییانەش رێگرن لە زیاتر بەرزبوونەوەی نەوت و لە داهاتوودا جڵەوی نرخی نەوت لە دەستی ئۆپێک و رووسیا دەردەهێنرێت و ئەمەریکایە زیاتر گەمە بە نرخەکان دەکات.