لە كەرتی كشتوكاڵ پۆڵۆنیا هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكات


هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان و پۆڵۆنیا رێككەوتن بۆ ئەوەی ئەزموونی سەركەوتنی وەبەرهێنانی كەرتی كشتوكاڵی پۆڵۆنیا بۆ هەرێمی كوردستان بگوازرێتەوە، جێگری وەزیری كشتوكاڵی پۆڵنیاش دەڵێت، جدیەتی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان ئەنجامی باشی دەبێت بۆ بوژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ.

رۆژی 15/1/2020 شاندێكی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وارشۆی پایتەختی پۆڵۆنیا لەگەڵ شاندێكی وەزارەتی كشتوكاڵی ئەو وڵاتە كۆبوونەوە.

لەكۆبوونەوەكە باڵیۆزی عێراق و نوێنەری حكومەتی هەرێم و دكتۆر محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و نوێنەری یەکێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازیەکانی كوردستان ئامادە بوون، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو تیشكی خستەسەر وەبەرهێنانی كەرتی كشتوكاڵ لەكوردستان و دەرگاكردنەوە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ ئەوەی لەكەرتی كشتوكاڵ وەبەرهێنان بكەن، لەم چوار چێوەیە راپۆرتێكی پێشكەش بە وەزارەتی كشتوكاڵی پۆڵۆنیا كرد كە تیایدا تیشكخرابووە سەر بوارەكانی وەبەرهێنان لەكەرتی كشتوكاڵ و پرۆژە ستراتیژیەكانی كەرتی كشتوكاڵی لەگەڵ ئاسانكاری پێویست بۆ سەرمایەدارانی پۆڵۆنیا.
پاشان وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو باسی  لەبەرەو پێشبردنی كەرتی كشتوكاڵی پۆڵۆنیا كرد، بۆ ئەوەی ئەزموونی سەركەوتنی كەرتەكە بگوازرێتەوە بۆ كوردستان بەتایبەت دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی خۆماڵی.

محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بە ئاسانكاریەكانی دەستەكە كرد بۆ وەبەرهێنەران كە بیانەوێت لە كوردستان وەبەرهێنان بكەن.
شیمۆن گیژینسكی، جێگری وەزیری كشتوكاڵی پۆڵۆنیا، بەگرنگیەوە باسی كۆبوونەوەكە كردو وتی، خۆشحاڵین كاتێك دەبینین وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان جدیە بۆ ئەوەی كەرتی كشتوكاڵ بەرەوپێش ببات، بۆیە داوای كرد نەخشەی پلانێكی گشتگیر پێشكەش بكرێت بۆ ئەوەی رێگاكانی سەركەوتنی كەرتی كشتوكاڵی پۆڵۆنیا بۆ هەرێمی كوردستان بگوازرێتەوە.

شاندی وەزارەتی كشتوكاڵی پۆڵۆنیا لەگەڵ باسكردنی لێكچوونی ژینگەی كشتوكاڵی پۆڵۆنیا و كوردستان سەردانەكەیان بەكردنەوەی دەرگایەكی فراوانی بوژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ وێناكرد.

دوای كۆبوونەوەكە شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد، لەگەڵ زیاد رەئوف، بەرپرسی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم گفتوگۆیان كرد بۆ ئەنجامدانی دیدارەكانی رۆژانی داهاتووی سەردانەكە.

لەناو شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی تێدا بەشدارە.