یەکەمین پێشانگای کشتوکاڵی کرایەوە


یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک بە دروشمی ژیانەوە خەڵک و خاک بەئامادەبونی پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و کونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕاوێژکاری ئابوری کونسوڵیەتی کەنەدی و بەڕێوەبەرانی کشتوکاڵ و وەبەرھێنان و چەند فەرمانگەیەکی دیکەی حکومی و بە بەشداری زیاتر لە ١٠٠ کۆمپانیا کرایەوە.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند “کۆمپانیای ( اطلس الاصیل )ی ڕێکخەری سەرەکی  پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بە ھاوکاری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی یەکەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک، بەبەشداری چەندین کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی لە ھۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی کردەوە  لەبوارەکانی کشتوکاڵ و ئاژاڵداری و پەلەوەر و فێتەرنەری و هەنگەوانی و عەلەف و پەین و دەرمانی نەخۆشیە کشتوکاڵی و ئاژەلیەکان”..

راشیگەیاند “لەم پێشانگایەدا ١٠٥ کۆمپانیا بەشداریان کردووە کە لە ووڵاتانی کەندا و دانیمارک و پۆڵندا و ئەڵمانیا و ئێران و تورکیا و ئەردەن و سوریا فەرەنسا میسر و سعودیە و ئیمارات بەشداریان کردووە لەم پێشانگایەدا و بەرھەمەکانیان نمایش کردووە”.

پێشانگای نێودەوڵەتی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت ڕۆژان لەکاتژمێر ١٠ بەیانی تا ٥ ئێوارە کراوە شەبێت.