هەفتەی داهاتوو سیستمی نوێی تاكسی لە هەرێم جێبەجێ دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی گواستنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ”بڕیارە هەفتەی داهاتوو سیستمی نوێی تاكسی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت”.

سەڵاح جەوهەر، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی گواستنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند ”هەفتەی داهاتوو سیستمی نوێی تاكسی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت، كە سوودی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەیە، چونكە تاكسییەكان تۆمار و كۆنتڕۆڵ دەكرێن و جیا دەكرێنەوە لە ناوەوە و دەرەوەی شار، هەر تاكسییەكیش لە پارێزگایەك ئیش بكات، ناتوانێ لە پارێزگایەكی دیكە كار بكات”.

هاوکات وتیشی، ”وەكو هەنگاوی یەكەم هەفتەی داهاتوو پڕۆژەكە جێبەجێ دەكرێت بۆ رێكخستن و كۆنتڕۆڵكردنی ئیشوكاری تاكسییەكان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، چونكە بە جێبەجێكردنی ئەو سیستمە، رێگری لە سەرپێچییەكان دەكرێت و تاكسی هەیە خەتی هەیە، تەنها لە خەت كار دەكات و ئەوانەی ناوشاریش، بە هەمان شێوە تەنها لە ناوخۆ كار دەكەن”.

شایەنی باسە ئاماژەی بەوەشكرد، داوای گۆڕینی رەنگی تاكسییەكانیان كردبێت و باسی لەوە كرد، تەنها رەنگی ئەو ئاڕمەی لە تاكسییەكان دەدرێت، جیاوازە، ئەگەرنا رەنگەكان ناگۆڕێن.