”عێراق بەناڕاستەوخۆ ١٤ جۆر باجی خستووەتە سەر ھاووڵاتییان”

شارەزای ئابووری و دارایی، دکتۆر سەلام سمێسم دەڵێت ”عێراق بەناڕاستەوخۆ ١٤ جۆر باجی خستووەتە سەر ھاووڵاتییان جگە لە باجی سەر داھاتەکانیان بەڕاستەوخۆ”.

“بوودجەیەکی ٨٨ ملیار دۆلاری، ھەناردەکردنی سێ ملیۆن و ٨٨٨ هەزار بەرمیل نەوت”

شەممەی رابردوو سێی ئادار، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژە بوودجەی گشتیی بۆ ساڵی دارایی ٢٠١٨ پەسەند کرد دوای ئەوەی نیسابی یاسایی دانیشتنەکە بە ئامادەبوونی ١٧٦ ئەندام لە کۆی ٣٢٨ ئەندام تەواو بوو، پڕۆژەکە کە ٦٠ ماددە لەخۆ دەگرێت بە بێ ئامادەبوونی ئەندامانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان کە پێشتر بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەکە ژمارەیەک مەرجییان ھەبوو پەسەندکرا و تێپەڕێنرا.پڕۆژە یاساکە بە لای بەشێک لە ئابووریناسانەوە جێی رەخنە و تێبینیی زۆرە، بەشێکیش دیکەش بە پڕۆژەیەکی باشی دەبینن کە لەگەڵ واژووکردنی لە لایەن سەرکۆماری عێراقەوە دەبێتە یاسا و کاری پێدەکرێت.

ھەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی لەو رەخنەگرە دیارانەبوون کە بەتوندی پڕۆژەکەیان رەتکردەوە و پێش ئەمانیش فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا نەچوونە کۆبوونەوەی دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە و دواتریش رۆژی یەکشەممەی رابردوو، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پڕۆژەکەی دایە بەر تانە و وتی: “بەغدا بەو کارەی شەراکەتی تێکدا، ھەڵوێستی ئێمە ھەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستانییەکانە کە رەتیان کردووەتەوە، چونکە بەو بەشەی کە دیاریکراوە ناتوانین ئەو مووچەیەی کە ئێستا پاشەکەوت دەکرێت بدرێت”.

بە پێی پڕۆژە یاساکە کە لە ماددەی یەکەمیدا ھاتووە بڕی داھاتەکانی عێراق ٩١ تریلیۆن و ٦٤٣ ملیار و ٦٦٧ ملیۆن و ٢٣٦ ھەزار دیناری عێراقی ( نزیکەی ٧٧ ملیار و ٥٣٢ ملیۆن دۆلار) پێکدێت، نرخی ھەر بەرمیلێک نەوتی خاوی ھەناردەکراو لەسەر بنچینەی تێکڕای ٤٦ دۆلار خەمڵێنراوە و تێکڕای بڕی نەوتی ھەناردەکراویش لە رۆژێکدا بە سێ ملیۆن و ٨٨٨ ھەزار بەرمیل دیاریکراوە، لەنێویاندا ٢٥٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانەی ھەرێمی کوردستان و نرخی ھەر دۆلارێکیش بە ھەزا و ١٨٢ دینار دیاریکراوە.

بڕی ٧٧ تریلیۆن و ١٦٠ ملیار و ٣٩٢ ملیۆن و ٦٤٠ ھەزار دینار لە کۆی گشتی داھاتەکانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨ کە بریتییە لە ٩١ تریلیۆن و ٦٤٣ ملیار و ٦٦٧ ملیۆن و ٢٣٦ ھەزار دینار داھاتی نەوتیین، واتە ئەو داھاتانەی لە فرۆشتن و پاڵاوتن و ھەناردەکردنی نەوتەوە بەدەست دێت کە رێژەی ٨٤،١ لەسەدی کۆی داھاتەکانی عێراق پێکدەھێنێت لەو ساڵەدا، ھەرچی داھاتە نا نەوتییەکانە ئەوا رێژەی ١٥،٨ پێکدەھێنێت کە بڕی ١٤ تریلیۆن و ٤٨٣ ملیار و ٢٧٤ ملیۆن و ٥٩٦ ھەزار دیناری عێراقی دەبێت.

بڕیاردەری لێژنەی دارایی و ئابووری عێراق، ئەحمەد حاجی رەشید دەڵێت ”پرۆژە بوودجەی گشتی عێراق ستەمێکی زۆری لە ھەرێمی کوردستان و سوننەکانیش تێدایە، لەگەڵ ئەوەشدا شیعەکان ویستیان بە زۆرینە تێیپەڕێنن و تێیانپەڕاند، ئەو پەرلەمانتارە سەبارەت بە کەموکوڕییەکانی پڕۆژەکەش دەڵێت “پشکی کورد لە پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨ ستەمی زۆری لە ھەرێمی کوردستان تێدایە و بە رادەیەک بە بێ پشتبەستن بە ھیچ رێژەیەکی راستی و واقیعی ئەو رێژەیە بۆ ھەرێمی کوردستان لە بوودجە دیاریکراوە کە ١٢،٦ ە، ھەروەھا چەندین کەموکوڕی دیکە ھەن دیسانەوە بەشی زۆریان لەسەر حسابی ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەیەتی، لەنێویاندا بوودجەی سیادی. لە ٢٠٠٥ تەنھا ١٦ بڕگە بوو، کەچی لە ساڵی ٢٠١٨ ئەوە گەیشتووەتە ٨٦ بڕگەیە و لە ساڵی ٢٠٠٥ بڕی پێنج تریلیۆن دیناری بۆ تەرخانکرابوو بۆ بوودجەی سیادیی عێراق، کەچی لە ساڵی ٢٠١٨ ئەو بڕە گەیشتووەتە ٤١ تریلیۆن دینار و ئەوەش بوودجەی گشتی کەم دەکاتەوە و رێژەی کورد کەم دەکاتەوە”.

ئەحمەد حاجی رەشید لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژە بوودجەی ساڵی ٢٠١٨ی عێراق دەڵێت “بە پێی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی پلاندانان رێژەی پشکی موستەحەقی ھەرێمی کوردستان بریتییە لە ١٤ لەسەد، لەکاتێکدا ئەم ژمارەیە لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی بارزگانیی عێراق بریتییە لە ١٣،١ لەسەد، بۆیە ئەو رێژەیەی ئێستا لە لایەن وەزارەتی داراییەوە دانراوە و داتاکانییان ورد نیین و ھیچ ئاماژەیەکی روون نییە کە پشتی پێ بەسترابێت بۆ دیاریکردنی ئەو رێژەیە، بۆیە ئەوە ستەمێکی گەورەیە لە خەڵکی کوردستان”.

ھەرچی خەرجییەکانی عێراقە بۆ ساڵی دارایی ٢٠١٨ بریتییە لە ١٠٤ تریلیۆن و ١٥٨ ملیار و ١٨٣ ملیۆن و ٧٣٤ ھەزار دیناری عێراقی (نزیکەی ٨٨ ملیار و ١٢٠ ملیۆن و ٢٩٠ ھەزار دۆلاری ئەمریکی) لەنێویاندا بڕی قیستەکانی قەرزی ناوخۆی و دەرەکی ھەیە کە هەشت تریلیۆن و ٢٤٦ ملیار و ٨٩٩ ملیۆن دیناری عێراقی دەبێت و لە خەرجییەکان بڕی ٢٤ تریلیۆن و ٦٥٠ ملیار و ١١٢ ملیۆن و ١٣٨ ھەزار دینار خەرجیی پڕۆژەکانە، بڕی ٧٩ تریلیۆن و ٥٠٨ ملیار و ٧١ ملیۆن و ٥٩٦ ھەزار دینار خەرجیی بەردەوامە، عێراق بە پێی پڕۆژە بوودجەی ساڵی ٢٠١٨ بڕی ١٩٢ ملیار دیناریشی وەکو یەدەگی لەناکاو دیاریکردووە.

لەو خەرجییانەی عێراق لە ئەمساڵدا بە پێی بوودجە دەیانکات کە ١٠٤ تریلیۆن و ١٥٨ ملیار و ١٨٣ ملیۆن و ٧٣٤ ھەزار دیناری عێراقی دەبێت بڕی ٧٩ تریلیۆن و ٥٠٨ ملیار و ٧١ ملیۆن و ٥٩٦ ھەزار دینار بریتییە لە خەرجییە بەردەوامەکان کە رێژەی ٧٦،٣ لەسەدی کۆی خەرجییەکان پێکدەھێنێت.

ھەرچی خەرجی وەبەرھێنانە ئەوا رێژەکەی لە خەرجییەکان دەگاتە ٢٣،٦ لەسەدا دەبێت کە بڕەکەی ٢٤ تریلیۆن و ٦٥٠ ملیار و ١١٢ ملیۆن و ١٣٨ ھەزار دینار دەبێت.