کارگەیەک له‌ كفری هەفتانە ٣٠٠مەتر گەچ بەرهەم دەهێنێت

لە شارۆچکەی کفری کارگەیەک هەفتانە ٣٠٠مەتر گەچ بەرهەم دەهێنێت، بە وتەی خاوەنەکەی، باشی جۆری گەچی کفری ناوبانگی هەیە و بەرهەمەکانیان جگە لە گەرمیان هەناردەی پارێزگای سەڵاحەدین و دیالەش دەکرێت، مێژوونوسێکیش دەڵێت: مێژووی بەکارهێنانی گەچ و قایەی کفری لە سنوورەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر.

گەچ مادەیەکی سروشتییە و لە تاوێر و بەردی گەچی شاخ و دۆڵەکان بەرهەم دەهێنرێت و بەچەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت تا دەکرێت بە مادەیەکی ئامادەکراو، لە ساڵانی ڕابردوودا گەچ و قایە کەرەستەی سەرەکی بووە لە بیناسازی و دروستکردنی کۆشکدا و لە ئێستاشدا بۆ سپیکردنەوەی دیوار لە بیناسازیدا بەکاردەهێنرێت، گەچی شاخی باوە شاسوار لە سنووری شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، ناوبانگی تایبەتی هەیە و لە ڕابردوودا سەرچاوەی سەرەکی بووە لە بواری بیناسازیدا بۆ سنوورەکە و لە ئێستاشدا لە ڕێگای کارگەیەکەوە هەفتانە ٣٠٠مەتر گەچی لێ بەرهەم دەهێنرێت و هەناردەی شار و شارۆچکەکانیتر دەکرێت.

ئەم کارگەیە تاکە کارگەیە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، وەک خۆیان دەڵێن، لەڕووی بەرهەمەوە دەتوانن هەفتەی ٣٠٠ مەتر گەچ دەربهێنن، بەرد و گەچی کفری لەڕووی باشییەوە ناوبانگی تایبەتی هەیە، سەنگەر محەمەد خاوەنی کارگەکە دەڵێت “بەرهەممان دەگاتە پارێزگای دیالە و سەڵاحەدین و شارۆچکەی کەلار و سەرجەم شوێنەکانی دیکەی گەرمیان”.

سەنگەر دەڵێت: بۆ کارپێکردنی کورەکان پێویستمان بە ڕۆنی ڕەشە، بەڵام حکومەت هیچ هاوکارییەکمان ناکات لە کاتێکدا پیویستە بۆمان دابینبکات، بەمەجبوری لە بازاڕی ڕەشدا بە پارەیەکی زۆر دەیکڕین، بۆ ئەوەش مەجبورین نرخی گەچەکەمان بەرزبکەینەوە، داواکارین لەو ڕووەوە هاوکاریی بکرێین.

بەرهەمهێنانی گەچ و بەردی گەچ، بەمشێوەیەیە، سەرەتا بە حەفارە شاخەکە هەڵدەکۆڵن و بەردەکانی دەشکێنن دواتر بە شۆفڵ بەردەکەی دەردەهێنن و دەیکەنە ناو سەرەنێک کە دەیبێژێت، دواتر بەردەکان لەدەوری کورەی ئاگری تایبەت بە خۆی هەڵدەچنن و بەدەوری کورەکەدا بەردەکان هەڵدەچنن و ژێرەوەی بەردەکان وەکو تونێل بە بۆشی دەهێڵنەوە و دواتر بە خۆڵ سەری دەگرن و کورەکە دادەگیرسێنن و دەبێت نزیکەی ٥٠کاتژمێر کورکە کاربکات تا دەبێت بە گەچ.

لە کۆتاییدا بەردەکان لە گەچەکە دەردەهێنن و گەچەکە دەکەنە ناو ئامێری کەسارەوە و دەبێت بە گەچی ئامادەکراو و باردەکرێت بۆ فرۆشتن، بەرهەمهێنانی گەچ هەموو ئەم قۆناغانەی پێویستە و کارێکی زەحمەتە.

سوهەیل خورشید مێژوونووس، سەبارەت بە گرنگی و مێژووی بەکارهێنانی گەچ و قایە لە کفریدا دەڵێت: تۆبۆگرافیای کفری نیمچە شاخاوییە، لە سنوورەکەدا شاخی باوە شاسوار هەیە کە گەچییە، بەو هۆیەشەوە مێژووی بەکارهێنانی گەچ و قایە لە ناوچەکە و دەورووبەری زۆر کۆنە، بۆ نمونە شوێنەوار و گۆڕەکانی زەنگئاباد و سەرقەڵا کە دۆزراوەتەوە و مێژووەکەی دەگەڕیتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوپێش و چەند کیلۆمەترێکی کەم  لە کفرییەوە دورە، کە بە گەچ و قایە دروستکراوە.

ئەو مێژوونووسە دەشڵێت: تا ساڵی چلەکان لە شاری کفری ماددەیەک دروستکراوە وەک چیمەنتۆی ئەمڕۆ و پێیدەوترێت قسڵ، کە بۆ بناغەی خانوو بەکارهاتووە و گەچ و قایەش بۆ دیوار و سواقدان و سەقفەکەی لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی نەبوونی هۆیەکانی گواستنەوە نەتوانراوە بۆ شوێنە دورەکان بگوازرێتەوە، بەڵام بۆ سەرجەم شوێنەکانی دەوروبەری کفری گواستراوەتەوە، تا ٢٠ ساڵ لەمەوبەریش بە گەچ و قایە کارکراوە، بەڵام لە ئەمڕۆدا بلۆک بەکاردەهێنرێت لەبری قایە کەچی گەچ هێشتا بۆ سپیکردنەوەی دیوارەکان بەکاردێت.

دەربارەی هەبوونی وەها کارگەیەک و کاریگەرییە نەرێنییەکانی بۆ سەر ژینگە، سەروەر قەرەداغی چالاکوانی بواری ژینگەیی دەڵێت: گەچ بە پێی ئەوەی ماددەیەکی سروشتییە و جیاواز لە پیشەسازییەکانی دیکە وەک نەوت، پاشماوەی ژەهراوییان بۆ خاک نییە، بەڵام دەبێت لە دووری شوێنی نیشتەجێبوونەوەبێت، باشترە لە کشتوکاڵیشەوە دووربێت، چونکە تۆزەکەی لەگەڵ هەوادا تێکەڵ دەبێت و دێتە ناو شار و مرۆڤەکان هەڵی دەمژن.