كونسوڵی نوێی ئێران سەردانی ژووری بازرگانی سلێمانی کرد

کونسوڵی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری سلێمانی سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕۆژی 29ی ته‌موزی 2019، پێشوازیکرد لە  کونسوڵی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری سلێمانی تا لە نزیکەوە گفتوگۆ ده‌رباره‌ی ڕه‌وشی بازرگانی‌ و کێشەکان و گرفته‌کان و کارکردن لەسەر چارەسەری کێشەکان بکرێت.

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پیرۆزبای لە کونسوڵی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران کردوو داوایکرد ” کونسوڵی نوێ هه‌وڵبدات پەیوەندیەکی باش و پته‌و لەگەڵ بازرگانان  و خاوه‌نکارانی سلێمانی دروستبکات،  کاربکات بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌و گرفته‌کانی به‌رده‌م که‌رتی بازرگانی تاکو قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاتر بێت و په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کانی نێوامان گه‌شه‌کردنی زیاتر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت”.

لای خۆشیه‌وه‌ مه‌هدی شوته‌ری، كونسوڵی نوێی ئێران ڕایگەیاند، ”كاری ئێمە گرنگیدانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە بازرگانیەکان وە ھەوڵی تەواو دەدەم بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشەکان تا كاری بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ سلێمانی بە ھێز دەکەین وە ئەولەویەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەئێستادا بەھێزکردنی پەیوەندیەکانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت ھەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی وە کاری ئێمە ئاسانکاریە بۆ بازرگانان و بەھێزکردنی کاری نێوان ھەردوولا چونکە ژوورە بازرگانیەکان توانای گەورەیان ھەیە لەکاری بازرگانیدا.

ڕاشیگەیاند: ھەموو ژوورە بازرگانیەکانی ئێران خۆشحاڵن بە کارکردن لەگەڵ ژووری بازرگانی وپیشەسازی سلێمانی ئامادەکاری ھەیە لەلایەن ئێرانەوە کە بەھاوکاری ھەردوولا پەیوەندیەکان بەھێز بکەینەوە و کاری ھاوبەشی زیاتر بکەین.

كنسوڵی ئێران لە سلێمانی، داوایکرد ”کارگەکانی ئێران بھێندرێتە شاری سلێمانی بە ھاوبەشی نێوان ھەردوولا و سەرمایەدران ھانبدرێت و بەشێوەی ھاوبەش پێکەوە کاربکەن” .

ئاماژەی بەوەشدا، شارە پیشەسازیەکان لەسەر سنورەکان دەست پێبکرێت و سەرمایەدارانی کوردستان لەسەر سنورەکان کارەکانیان دەستپێبکات و کۆماری ئیسلامی ئێران ھاوکاری ھەمولایەک و سەرمایەداران دەکەن  بۆ دەستپێکردی شاری پیشەسازی کە لە ئێران ٨٠٠ شاری پیشەسازی ھەیە.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی وپیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند، ”دەستپێکردنی کارکردن لە شاری پیشەسازی ئامادەیە بەڵام کێشەمان ئەوەیە کۆماری ئیسلامی ئێران کارەبا غازو خزمەتگوزاریەکان دابینبکات بۆ ئەون ناوچەیە بەھەمان نرخ کە لە ئێران دەیدات بەو شارانە وە ئێمە دەتوانین لە ماوەیەکی کەمدا بیخەینەکار .

ڕاشیگەیاند ”خۆشحاڵین بەوەی کارگەکان بێنە سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٣ وە ئێمە ئەوە داواکاریمانە کە کارگەکان بھێندرێنە سلێمانی وە ھیوادارین ئەو کارگانە بێتە سلێمانی چونکە لە ئێستادا حکومەتی عێراق پارێزگاری لەبەرھەمی ناوخۆی دەکات و ٩١ ماددەو خۆراکی قەدەغەکردووە بەمەش بەرھەمی ناوخۆی زیاد دەکات و بەرھەمی ھاوردەکردن قەدەغە دەکرێت”.

ئاماژەی بەوەشدا، ھەر سەرمایەدارێکی ئێرانیش دەیەوێت لە سلێمانی کاری سەرمایەداری بکات لەڕێگەی کونسوڵیەتەوە دەتوانێت سەردانمان بکەن و کەسانی باشیان پێبناسێنین و کاری ھاوبەش بکەن.

ئاماژەی بەوەشدا کونسوڵی ئێران بەتایبەت کار لەگەڵ ژوورە بازرگانیەکاندا بکات و پەیوەندیەکانی لەگەڵدا بەھێزبکات چونکە تاکە ڕێکخراوی کەرتی تایبەتە کە پشتیوانی لەبازرگانان دەکات و داکۆکیکاری بازرگانان و پیشەسازانە، وە ژووری بازرگانی خاوەنی پێشانگای تایبەتی خۆیەتی، لەئێستاشدا سەرقاڵی گەورەترین پرۆژەی کۆگایە کە لەسەر ئاستی عێراق یەکەم پرۆژەی گەورەیە و بە بەھای ١٠٠ ملێۆن دۆلار کاری لەسەر دەکرێت.