كونسوڵی چیک سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد



به‌مه‌بستی زیاتر گرنگیدان بە رەوشی بازرگانی و پیشەسازی و بەھێزکردنی پەیوەندییە بازرگانیەکان کونسوڵی چیک سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕۆژی ٢٠١٩/٧/٢٥ پێشوازیکرد لە  میخایل سڤۆ بۆدا، کونسوڵی گشتی  لە ھەولێر.

دوای بە خێر ھاتنی شاندی میوان سەرۆکی ژوور ڕایگەیاند، ”لەگەڵ وڵاتی چیک پێشتر پەیوەندی باشمان ھەبووە وە ھەندێک کێشە بۆتەھۆی ئەوەی پەیوەندیەکان خاوبێتەوە بەتایبەت کونسوڵیەت کە ڕاستەوخۆ کاری لەگەڵ ژوورە بازرگانیەکان نەکردووە بەڵام یەکێتی ژوورە بازرگانیەکان کاریکردووە بۆ ئەوەی بتوانێت کاری بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی گرنگی پێ بدرێت و کاری ھاوبەش ئەنجام بدەین لەڕێگەی کونسوڵیەتەوە”.

ڕاشیگەیاند، ”وەبەرھێنان لە کەرتی کشتوکاڵ زۆر لەبارە چونکە حکومەتی عێراق یاسای پاراستنی بەرھەمی ناوخۆی خستۆتە بواری جێ بەجێکردنەوە کە زیاتر لە ٩٠ جۆر کاڵا و مادە قەدەغەکراوە یان گومرگیان لەسەر زیاد کراوە کە ئەمەش بۆتە ھاندانی زیاتری بەر ھەمی ناوخۆی و دروستبونی دەرفەتی زیاتری ھەلی کارکردن”.

وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەردەوام کارمانکردووە بۆ یاسای پاراستنی بەرھەمی ناوخۆی و حکومەتی عێراقیش بەردەوام پشتیوانی کردوین.

ئاماژەی بەوەشدا ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەردەوام پشتیوانی لە پێشتخستنی کەرتی پیشەسازی و بازرگانی و کشتوکاڵی و بەرھەمی ناوخۆی دەکات ھەربۆیە لە ٪‏٣٠ پیشەسازی عێراق لە سلێمانیە کە توانای دابیکردنی پێداویستی ناوخۆییان ھەیە بە تایبەت چیمەنتۆ و ئاسن و جبس و ماست و شیر و چەندین ماددەی دیکە.

ئەوەشی ڕونکردەوە کە ژووری بازگانی بەردەوام پشتیوان بووە بۆ پاراستنی بەرھەمی ناوخۆی و ھاووڵاتیانی ھانداوە کە بەرھەمی ناخۆی بەکاربھێنن وەک ھاندانێک بۆ پێشخستنی کەرتی تایبەت کە لە ئێستادا کەرتی کشتوکاڵی لە سەوزەو میوە و ماسی و مریشک زۆرترین بەرھەمی ناوخۆییان ھەیە و بازاڕیان پڕکردۆتەوە.

سەرۆکی ژوور داواشیکرد کاربکەن بۆ ھێنانی پرۆژەی وەبەرھێنان بۆ شاری سلێمانی و وەبەرھێنان لەگەڵ بازرگانان و پیشەسازانی شاری سلێمانی بکەن تا بتوانن پێکەوە ڕەوشی وەبەرھێنانی ناوخۆی بەرەو پێشبڕوات.

کونسوڵی گشتی چیک میخایل سڤۆ بۆدا لە ھەولێر سوپاسی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیکرد بۆ پێشوازی و پێدانی ئەو زانیاریانە داواشیکرد کاربکەن بۆ بەھێزکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکان سەردانکردنی شاندی بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی بۆ ووڵاتی چیک و بە پێچەوانەوە تا پەیوەندیەکی بەھێز دروستبکرێت لە نێوان ھەردوولادا.