سلێمانی؛ دەستبەسەر ژمارەیەكی زۆر بڵندگۆی فرۆشیاراندا دەگیرێت

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، دەستیان بەسەر ژمارەیەكی زۆر “بڵندگۆ”دا گرتووە، كە كاسبكاران بۆ ساغكردنەوەی كاڵاكانیان لەگەڕەك و كۆڵانەكاندا بەكاری دەهێنن.

سۆران عبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”لە دوای جێبەجێ‌ كردنی بڕیاری قەدەغەكردنی بەكارهێنانی بڵنگۆ لە لایەن لیژنەكانی قائیمقامیەتەوە هەڵمەتی دەستبەسەراگرتنی ئەو ئامێرانە دەستی پێكردووە، ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆر دەستی بەسەردا دەگیرێت.”

وتیشی، ئەمڕۆ لە چەند شوێن و گەڕەكێكی سلێمانی لیژنەكانیان دەستیانگرتووە بەسەر ژمارەیەكی زۆر بڵندگۆدا، كە بەكارهێنانی بۆتەهۆی بێزاركردنی هاووڵاتیان و لەبەر ئەو هۆكارە لەسەر فەرمانی قائیمقامی سلێمانی بەردەوام دەبن لە دەستبەسەراگرتنی.