پارێزگاری سلێمانی: ناوچەی پیشەسازیی هاوبەشی سلێمانی و سنە بە سێ گەرەنتیی پتەو دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە

هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی  ڕاگەیاند ئەگەرچی لە کابینەکەی بەڕێز دوکتور بەرهەمدا ناوچەی پیشەسازیی هاوبەشی سلێمانی و سنە نەچووە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە بەڵام ئەم جار سێ گەرەنتی بۆ جێبەجێکرانی ئەو پڕۆژە هاوبەشە هەن.

ڕۆژی یەکشەمە 16ی پووشپەڕ بەرانبەر بە 7ی تەمووزی 2019 هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی لە گفتوگۆیێک لەگەڵ هەواڵنێری کوردپرێسدا ڕایگەیاند دامەزراندنی ناوچەی پیشەسازیی هاوبەشی نێوان سلێمانی و سنە ئەم جارەیان جدییە و سێ گەرەنتیی پتەو هەن کە جێبەجێکرانی پڕۆژە هاوبەشەکەی نێوان دوو پارێزگا کوردنشینەکە دەستەبەر دەکات ئەگەرچی زیاتر لە دە ساڵە ڕێککەوتنێکی هاوشێوە لە سەردەمی کابینەکەی بەرهەم ساڵحدا کرابوو.

ڕێککەوتن لەسەر دامەزراندنی ئەو ناوچەیە پێشتریش لە کابینەکەی بەڕێز دوکتور بەرهەمدا کرابوو کە زیاد لە دە ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە بەڵام هەرگیز نەچووە بواری جێبەجێ کردنەوە.

هەواڵنێری کوردپرێس پرسیاری ئەوەی لە پارێزگاری سلێمانی کرد کە چ دەستبەر و گەرەنتییێک هەیە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە بچێتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە؟ هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی لە وەڵامی کوردپرێسدا ڕایگەیاند: سێ زەمانەت بۆ جێبەجێکرانی ئەو ڕێککەوتنە هەیە:

یەکەم ئەوەی ئەم ڕێککەوتنە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بە بەرز و نزمیی زۆر کاریگەردا تێپەڕیوە. دیارە ناوچەی پیبشەسازی ناوچەیێکی ئاسان نیە و پێویستی بە خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئاوەدانکاری هەیە وەکوو جادەوبان و ئاو کارەبا و جیاکردنەوەی زەوییەکان لە ڕووی یاساییەوە. بەڵام ئەوەی کە زۆر دڵخۆشکەرە لە سەردانی بەڕێز سەرۆککۆماری ئێران بۆ بەغدا یادداشتنامەیێک لە نێوان هەردوو سەرۆککۆماری ئێران و عێراق واژۆ کرا و خاڵێکی گرینگی یادداشتنامەکە جەختی لە سەر ناوچەی پیشەسازیی هاوبەش کردۆتەوە. بۆیە ئێستا پشتیوانییێکی دەوڵەتی هەیە بۆ ئەو پڕۆژە هاوبەشە نەک تەنیا پشتیوانییێکی نێوان دوو پارێزگا.

دووهەم: ژووری پیشەسازی و بازرگانیی هەردوولا ئامادەییی تەواویان هەیە کە کار بکەن.

سێهەم: گرینگترین گەرەنتی ئەوەیە خاوەن پیشە و سەرمایەکان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی گرینگە لەو شوێنانە کارگەکانیان دابنێن.

پارێزگاری سلێمانی گوتیشی لە هەموو ئەمانە گرینگتر دۆزینەوەی ئەو بازاڕانەیە کە کاڵای بەرهەمهێنراو چاوەڕێی ئەکات. پێشتر کە ڕێککەوتن لە سەر ناوچەی پیشەسازیی هاوبەش کرابوو هیچ ڕوئیایێک نەبوو بۆ ئەوەی بزانێت پێداویستیی ئەو بازاڕانە چین. دیارە ئێستا بازاڕێکی ئێجگار گەورە لە عێراق هەیە. بەتایبەتی لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق. هەروەهاش بازاڕی سووریا دەرفەتێکی هەرەگونجاوە کە هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەیان تێدا دروست دەبێت. بۆیە ئەگەر ئێمە لە ڕووی سناعەتییەوە بچینە پێشەوە دامەزراندنی ناوچە هاوبەشەکە لەبەرژەوەندیی هەردوو لا دەبێت.

شایانی باسە پارێزگاری سلێمانی کە بە مەبەستی بەشداری کردن لە کۆنگرەی ناودارانی کورد سەردانی شاری سنەی کردبوو وێڕای بەشداری کردن لە کۆبووونەوەی ئیداریی پارێزگای کوردستان و بەڕێوەبردنی پرێس کونفڕانسی هاوبەش لەگەڵ پارێزگاری کوردستان چەندین پڕۆژەی پیشەیی و ئابووری و بەرهەمهێنانی شاری سنەی بەسەر کردەوە و لە لێدوانێکدا ئامادەییی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە بۆ فراوانکردنی هاوکاریی دووقۆڵی بەتایبەتی لە باری ئابووری و بازرگانییەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا ڕۆژی هه‌ینی 14ی پووشپه‌ڕی 1398 به‌رانبه‌ر به‌ 5ی ته‌مووزی 2019 مه‌راسیمی دانانی به‌ردی بناغه‌ییی پڕۆژه‌ی کۆگه‌ی بازرگانی و بازاڕی گه‌وره‌ی سنه‌ سنته‌ر به‌ به‌شداریی پارێزگاری سلێمانی، پارێزگاری کوردستان، شاره‌وان و ژماره‌یێک له‌ به‌ڕێوه‌به‌ران و چالاکوانانی بواری ئابووری به‌ڕێوه‌ چوو کە سەرمایەدانەری ئەو پڕۆژەیە هاووڵاتییێکی خەڵکی سلێمانییە لە هەرێمی کوردستان.