لەمەودوا هاونیشتمانییان دەتوانن بەبێ گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانیان بچنە تورکیا


لەمەودوا هاونیشتمانییان دەتوانن بەهەمان تابلۆی سەر ئۆتۆمبێلەکانیان گەشتی تورکیا بکەن، بەبێ ئەوەی پێویست بکات 50 هەزار دینار بۆ گۆڕینی تابلۆکە بدەن. 

هەرچەندە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل بۆ ئەوەی هاونیشتمانییان بتوانن بەبێ کێشە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بچنە باکووری کوردستان و تورکیا، ماوەی چوار مانگ بوو دەستیپێکردبوو، بەڵام لە 10 رۆژی رابردوودا لە باکووری کوردستان تورکیا رێوشوێنەکان تووندتر کران، بەجۆرێک هەر ئۆتۆمبێلێک کە لە هەرێمی کوردستانەوە چووبێت و تابلۆکەی نەگۆڕیبێت لە بازگەکانی شرناخ سزادراوە، بەڵام لەمڕۆوە بڕیارەکە وەستێنرا.

پێشتر هەرکەسێک نیازی گەشتکردنی بۆ تورکیا هەبووایە بە ئۆتۆمبێلی خۆی، دەبوو ژمارەی تابلۆکەی لە عەرەبییەوە بکاتە نێودەوڵەتی و، لەبەرامبەر گۆڕینی تابلۆکەش 50 هەزار دینار بدات، ئێستا گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل کراوەتە ئارەزوومەندانە، واتە هاونیشتمانییان دەتوانن تابلۆکانیان بگۆڕن یان بەهەمان تابلۆی پارێزگاکانی عێراق گەشتەکانیان بکەن.

ئازاد تەها، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای دهۆک لەبارەی ئەو بڕیارەبە رووداوی راگەیاند  “دوای هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی شرناخ، مزگێنی دەدەینە خەڵکی خۆمان: (لەمڕۆوە) هەر هاونیشتمانییەک ئۆتۆمبێلەکەی بە هەر تابلۆیەک بێت، دەتوانێت گەشتی تورکیا بکات”.

پێدانی 50 هەزار دینار بۆ گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل هاونیشتمانییانی نیگەران کردبوو، بۆیە ئازاد تەها باس لەوە دەکات “لەگەڵ بەرپرسانی شرناخ کۆبووینەوە بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵیان و گلەیی و گازندەی هاونیشتمانییانمان پێگەیاندن، ئێستاش هاوئاهەنگیەکی باش هەیە”.

هۆکاری گۆڕینی تابلۆ بۆ جیاوازیی زمان بوو، چونکە ئەگەر هاونیشتمانییان بە ئۆتۆمبێلی ژمارەی عێراق لە تورکیا سەرپێچییەکیان کردبا، بەهۆی ئەوەی ژمارەکان بە عەرەبی دەنووسرێن نەدەتوانرا ژمارەکان بخوێننەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی دهۆک لە چوارچێوەی بەرنامەی خۆیدا پلانێکی داڕشتبوو، کارگەیەکی بۆ دروستکردنی تابلۆ بە زمانی لاتینی دامەزراندبوو بۆ ئەوەی هاونیشتمانییان رووبەڕووی گرفت نەبنەوە، کەچی سەندنی 50 هەزار دینار، لەبەرامبەر ئەو کارە، ناڕەزایی هاونیشتمانییانی لێکەوتبووەوە.