وەزیری كشتوكاڵ‌: پڕۆژەكانمان بەهۆی قەیرانی داراییەوە زۆربەیان وەستاون

وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان “عەبدولستار مەجید” ئاماژە بەوە دەكات كە  لەهەندێك بەرهەمی وەك گەنم‌و پەتاتەو پیازدا هەرێم گەیشتوەتە ئاستی خۆبژێویی‌و زۆربەی پێداویستییەكانی گۆستی سورو سپیش لەناوخۆدا بەرهەمدەهێنرێت، ئەو دەڵێت “جۆرێك لەپەیوەندیمان هەیە لەگەڵا وەزارەتی پیشەسازی بەمەبەستی گەشەدان بەپیشەسازی خۆراك”.

“عەبدولستار مەجید” بەگۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی راگەیاند كە وەزارەتی كشتوكاڵا‌و سەرچاوەكانی ئاو لەهەوڵی بەردەوامدایە بەمەبەستی رێكخستنەوەی كارەكانی، ئەو وتی “كۆمەڵێك هەنگاومان ناوە، كە گرنگترینیان بریتییە لەدەركردنی رێنمایی بۆ چۆنیەتی دانان‌و لابردنی بەڕێوەبەرەكان”.
وتیشی “لەمەودوا میكانیزمێك پەیڕەو دەكەین كە كۆمەڵێك مەرج دانراوە بۆ دانان‌و لابردنی بەڕێوەبەرەكان، ئامانج لەم هەنگاوەش ئەكتیڤ كردنی رۆڵی وەزارەتەكەمان‌و دانانی كەشی شایستەیە لەشوێنی شایستە”.

ناوبراو جەغتی لەوەش كردوە كە هەنگاوێكی دیكەیان بریتی بوە لەدانانی باج لەسەر هاوردە كردنی میوەو سەوزەو بەروبومی كشتوكاڵی بەمەبەستی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی، بۆ ئەوەی جوتیاران هانبدرێن كە واز لەكاری كشتوكاڵی نەهێنن‌و سوود لەبەروبوم‌و رەنج‌و تەقەلایان ببینن، ئەو وتی “ئەم هەنگاوە بۆ پاڵپشتی جوتیاران‌و هەموو ئەوانەیە كە لەناوخۆدا خەریكی كشتوكاڵا كردنن”.

وەزیری كشتوكاڵا‌و سەرچاوەكانی ئاو ئاماژەی بەوەش كرد كە هەرچەندە لەهەرێمی كوردستاندا زەمینە لەبارە بۆ گەشەدان بەپیشەسازی خۆراك، بەڵام تا ئێستا بۆ ئەم مەبەستە بەشێوەیەكی رێكخراو هەماهەنگییان لەگەڵا وەزارەتی پیشەسازی نییە.  ئەو وتی “بەڵام لەم روەوە بەپێی توانا هەنگاومان ناوە، ئێستا چەند پڕۆژەیەكی گەورەمان لەجێبەجێكردندان، یەكەمیان پڕۆژەی شیرەمەنییە كە دامانەوێ‌ پێداویستی هەرێمی كوردستان بۆ شیرەمەنی لەڕێگەی وڵاتی خۆمانەوە دابین بكەین‌و لەگەڵا جێبەجێكردنیدا بۆ دابین كردنی پێداویستی شیر پێویستمان بەدەرەوە نابێت. دووەمیان پڕۆژەی ماسییە، كە كۆمپانیایەكی گەورە دەیەوێت هێندەی پێداویستییەكانی كوردستان ماسی نەرویجی بەرهەمبهێنێت كە باشترین جۆری ماسی جیهانە. پڕۆژەی سێهەمیان كێڵگەی وشترمورغە كە كێڵگەیەكی نایابەو تا ئێستا نەتوركیا هەیەتی‌و نەئێران‌و نەعێراق‌و سوریا. پڕۆژەی چوارەمیان كۆمەڵێك كارگەی بەرهەمهێنانی قارچكە كە توانای دابین كردنی پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ قارچك دەبێت”.
وتیشی “بەهەموو شێوەیەك پشتگیری ئەم پڕۆژە گەورانە دەكەین، تەنانەت ئەگەر پێویست بكات بەنیازین قەرزی تایبەت لەبانكەكانی دەرەوە بكەین بۆ ئەوەی یارمەتییان بدەین‌و پڕۆژەكان جێبەجێ‌ بكرێن، بۆ ئەمەش داوامان لەحكومەت كردوە كە رەزامەندی بنوێنن بۆ ئەوەی قەرز لەبانكەكانی دەرەوە بكەین”.

عەبدولستار مەجید ئاماژەی بەوەش كرد كە هەرێمی كوردستان ئێستا لەهەندێك بەرهەمی گەنم‌و پەتاتەو پیازدا گەیشتوەتە ئاستی خۆبژێویی‌و 70% بۆ 75%ی پێداویستییەكانی گۆشتی سور لەهەرێمدا بەرهەمدەهێنرێت‌و بەرهەمهێنانی مریشكیش لەئاستێكی زۆر بەرزدایەو زۆربەی هەرە زۆری پێداویستییەكان لەناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێت.
ناوبراو ئەوەی رونكردەوە كە ئەمانە كۆمەڵێك هەنگاوی جێی هیوان روەو هەوڵدان بۆ دابینكردنی خۆبژێویی، ئەو وتی “ئێمە كە لەگەڵا ژوورەكانی بازرگانی دانیشتون پێمانوتون هاوكاریتان دەكەین كارگەی لەقوتونان دابنێنن،
لەبەرئەوەی زۆرجار جوتیاری خۆمان بەروبومەكانی خەسار دەبێت لەبەرئەوەی ئامڕازی لەقوتان نییە”.
وتیشی “جۆرێك لەپەیوەندیمان هەیە لەگەڵا وەزارەتی پیشەسازی بەمەبەستی گەشەدان بەپیشەسازی خۆراك، كۆمەڵێك كۆڕ‌و سمیناریش لەو بارەوە سازكراون، بەڵام پێویستە كاراتربین‌و بەرنامەی باشتر دابنێین بۆ ئایندە”.

وەزیری كشتوكاڵا‌و سەرچاوەكانی ئاو جەغتی لەوەش كردەوە كە رێكخستنی نێوان بازرگانی‌و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ كارێكی قورس‌و ئاڵۆزە، چونكە هەندێكجار رێگەگرتن لەهاوردە كردن خراپ دەكەوێتەوەو خراپ بەكاردەهێنرێت بۆ گرانكردنی بەروبومێكی دیاریكراو، ئەو وتی “بۆ نمونە كارگەی بەرهەمهێنانی قارچك لەهەولێر هەبوو، ئێمە رێگەمان لەهاوردە كردنی قارچك لەدەرەوە گرت، بەڵام ئەو هات بەرهەمەكەی زۆر گران كرد، ناچار بوین سنورەكان بكەینەوە بۆ ئەوەی زۆر لەسەر بەكاربەر نەكەوێت”.

عەبدولستار مەجید ئەوەشی رونكردەوە كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەیانتوانیوە هاوكاری زۆرێك پڕۆژەی سوودبەخشی خۆراكی بكەن، بەتایبەتی پڕۆژەی شیرەمەنی، ئەو وتی “لەبەرامبەر ئەوەدا ئێمە هەوڵمانداوە كارئاسانی بۆ خاوەن پڕۆژەكان بكەین،‌و شوێنیان بۆ دابین بكەین، بەڵام لەڕووی مادییەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەمانتوانیوە لەئاستی پێویستدا پشتگیرییان بكەین”.
وتیشی “قەیرانی دارایی كاریگەری گەورەی لەسەر بەڕێوەچونی كاروباری وەزارەتەكەمان هەبووە، پڕۆژەكانی پەیوەست بەوەزارەتی كشتوكاڵا بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئێستا زۆربەیان وەستاون”.