لە سەردەمی حوکمڕانی ئاکەپەدا قەرزە دەرەکییەکانی سەر تورکیا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد

لە سەردەمی حوکمڕانی ئاکەپەدا قەرزە دەرەکییەکانی سەر تورکیا هەم لەسەر حکومەت و هەم لەسەر کەرتی تایبەت ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە لە مێژووی کۆماری تورکیادا. لە ماوەی سەردەمی حوکمڕانی ئاکەپەدا کۆی گشتی قەرزە دەرەکییەکانی سەر تورکیا سێ هێندە و نیو زیادی کردووە، ئەو لە کاتێکدایە کە قەرزی دەرەکی سەر کەرتی تایبەت نزیکەی ٧ هێندە زیادی کردووە.

ئەو ئامارانەی لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە دەربارەی قەرزە دەرەکییەکان کاریگەری خراپ لەسەر چاوەڕوانییەکانی خەڵکی درووست دەکات. بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری تورکیا قەرزی دەرەکی سەر حکومەتی تورکیا بریتییە لە ١٤٨،٣ ملیار دۆلار و قەرزی دەرەکی سەر کەرتی تایبەت بریتییە لە ٢٩٩ ملیار دۆلار. جگە لەوە بانکی ناوەندی تورکیا بە بڕی ٥،٩ ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی لەسەرە. بەو شێوەیە کۆی گشتی قەرزە دەرەکییەکانی سەر تورکیا گەیشتووەتە ٤٥٣ ملیار دۆلار.

قەرزی دەرەکی سەر حکومەت زیاد دەکات، و قەرزی دەرەکی سەر کەرتی تایبەت کەم دەبێتەوە

بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری تورکیا، لە ساڵی ڕابردوودا قەرزی دەرەکی سەر حکومەتی تورکیا ١٤٠،٩ ملیار دۆلار بووە، بەڵام ئەو ژمارەیە لەم ساڵدا بۆ ١٤٨،٣ ملیار دۆلار بەرز بووەتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە قەرزی دەرەکی سەر کەرتی ساڵی ڕابردوو ٣٢٤ ملیار دۆلار بووە، بەڵام ئەو ژمارەیە لەم ساڵدا بۆ ٢٩٩ ملیار دۆلار کەمی کردووە.

 شایانی باسە لە کاتی هاتنە سەر حوکمی ئاکەپە لە ساڵی ٢٠٠٢ دا کۆی گشتی قەرزە دەرەکییەکانی سەر تورکیا ١٢٩ ملیار دۆلار بووە، بەڵام لە ئیستادا ئەو ژمارەیە زیاتر لە سێ هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٤٥٣ ملیار دۆلار.