‘هەر بازرگانێك ئۆتۆمبێلێك هاوردە بكات مەرجی سەلامەتی تێدا نەبێ‌، بە 50 ملیۆن دینار سزا دەدرێ‌”

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی لێدراوی ئەمەریكی مەرجدار كرد و هەر بازرگانێكیش ئۆتۆمبێلێك هاوردە بكات مەرجی سەلامەتی تێدا نەبێ‌، بە 50 ملیۆن دینار سزا دەدرێ‌.

بەگوێرەی ئەو بڕیارە كە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە جێبەجێ‌ دەكرێ‌، بە هیچ جۆرێك رێگە بە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی شاسی بڕاوە و ژێرئاوكەوتوو نادرێ‌. ئۆتۆمبێلی لێدراویش مەرجی بۆ دانراوە، بۆ نموونە لێدانەكە نەبووبێتە هۆی زیانگەیاندن بە بۆنیت و ستێرن و ئێرباگ.

دكتۆر سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: “ئامانجمان لە دەركردنی ئەو بڕیارە پاراستنی گیانی هاووڵاتیانە، چونكە بەپێی بەدواداچوون بۆمان دەركەوتووە زۆربەی ئەو رووداوانەی روودەدەن بەهۆی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەیە”.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ، لەگەڵ بەغدا رێككەوتبوون لە مانگی ئایارەوە بڕیارەكە جێبەجێ‌ بكەن، بەڵام ئەوە ناڕەزایی بازرگانانی ئۆتۆمبێلی لێكەوتەوە چونكە گرێبەستێكی زۆری كڕینی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەیان كردووە، بۆیە جێبەجێكردنی بڕیارەكەیان خستە سەرەتای مانگی داهاتوو.

لەمەودوا هەر ئۆتۆمبێلێك هاوردە بكرێت سێ پشكنینی بۆ دەكرێ: پشكنینی یەكەم لەلایەن پسپۆڕانەوە لە خاڵە گومرگییەكان دەكرێ. پشكنینی دووەم لەلایەن كۆمپانیاكانی كواڵیتی كۆنترۆڵ لە خاڵە سنوورییەكان دەكرێ و پشكنینی سێیەمیش لەكاتی تۆماركردنی ئۆتۆمبێلەكە  لەلایەن لێژنەیەكی پسپۆڕ لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ دەكرێ‌.

دكتۆر سامی دەڵێت: “ئەگەر لە پشكنینی سێیەم دەركەوت ئۆتۆمبێلەكە مەرجەكانی رێگەپێدان نایگرێتەوە، كۆمپانیای كواڵیتی كۆنترۆڵ بۆ هەر ئۆتۆمبێلێك بە 5000 دۆلار سزا دەدرێ‌، بازرگانەكەش بە 50 ملیۆن دینار سزا دەدرێ‌ و كۆمپانیاكەشی بۆ ماوەی دوو ساڵ دەخرێتە لیستی رەشەوە”.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی، لە دوو ساڵ و شەش مانگی رابردوودا 313 هەزار و 105 ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی كوردستان كراون. لە ئامارەكەدا دەردەكەوێت جموجۆڵی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل لە دوو ساڵ و شەش مانگی رابردوودا گەشەیەكی زۆر خێرای بەخۆوە بینیوە، گەشەكەش زیاتر لە هەردوو دەروازەی باشماخ و حاجی ئۆمەران بووە و زیاتر لەم دوو دەروازەیەوە ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە هاوردەكراون.

بە وتەی بازرگانان، 80%ی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە دوو ساڵ و نیوی رابردوودا هاوردەكراون كە دەكاتە زیاتر لە 250 هەزار ئۆتۆمبێل، لەو جۆرانەن كە وەزارەتی ناوخۆ هاوردەكردنی قەدەغە كردوون.

باوەڕ ئیدریس، بەڕێوەبەری بەشی فرۆشتن لە كۆمپانیای بۆڵزانۆ بۆ بازرگانیی گشتی و هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی ئەمەریكی دەڵێت: “بەپێی بەدواداچوونمان نزیكەی 80%ی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە هەردوو دەروازەی باشماخ و حاجی ئۆمەرانەوە هێنراون ئۆتۆمبێلی ئەمەریكی لێدراو بوون كە بەهۆی هەرزانیی نرخەكەیان بازرگانان یان لە دوبەی كڕیویانەتەوە یان لە ئەمەریكاوە هێناویانە”.

ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە پێیاندەوترێ (salvage car) واتە ئۆتۆمبێلەكە بەهۆی بەهێزیی لێدرانەكەی، زیانی گەورەی بەركەوتووە و كۆمپانیاكانی دڵنیایی لە ئەمەریكا رێگەیان پێنادەن بچنە سەر شەقامەكان.

باوەڕ ئیدریس دەڵێت: “نزیكەی 60%ی ئەو ئۆتۆمبیلانە ئێرباگیان تەقیوە، ئەو ئۆتۆمبێلانەشی كە ئێرباگیان نەتەقیوە، یان لە پشتەوە لێدراون، یان لەكاتی وەستان كە شوفێری تێدا نەبووە لێدراون و ئێرباگیان نەتەقیوە، چونكە وا پرۆگرام كراون كە كاتێك شوفێر و سەرنشینیان تێدا نییە ئێرباگیان نەتەقێ”.

باوەڕ ئیدریس ئاشكرای كرد كە هەندێك لە بازرگانان فێڵ لەو ئۆتۆمبێلانەدا دەكەن، ئێرباگیان بۆ دادەنێنەوە، بەڵام بە سیستم نایبەستنەوە، چونكە ئەوەیان 4000 دۆلاری دەوێ‌، بۆیە زۆربەی ئەو ئۆتۆمبێلانە لە كاتی رووداوی هاتوچۆدا ئێرباگیان ناتەقێ‌ و زیانی گیانی بەدواوە دەبێ.

بەهۆی هاوردەكردنی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە، ژمارەی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل لە ساڵی 2018 بەراورد بە ساڵی 2017 نزیكەی 42% زیادی كردووە، شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵیش بەراورد بە شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو 17% زیادی كردووە.

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دەڵێت: “ئەم بڕیارە كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی جموجۆڵی بازرگانی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی بڕیارەكە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانە، ئێمە پشتگیریی دەكەین”.

وتیشی: “هاوردەكردنی ئەم جۆرە ئۆتۆمبیلانە لە بنەڕەتدا نایاسایی بووە، چونكە بەر لەم بڕیارەش ئێمە وەك وەزارەتی بازرگانی هەمیشە لەكاتی مۆڵەتدان داوامان لە كۆمپانیاكانی پشكنین و كواڵیتی كۆنترۆڵی خاڵە سنوورییەكان كردووە رێ بە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی ژێرئاوكەوتوو و ئێرباك تەقیو نەدەن، بەڵام بەشێكیان پابەندی ئەمە نەدەبوون. بەپێی یاساش رێگەمان پێنەدرابوو سزایان بدەین”.

سەرجەم خاڵە گومرگییەكان ئاگادار كراونەتەوە لە یەكی تەمووزەوە بەهیچ جۆرێك رێگە بە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی ژێرئاوكەوتوو و شاسیی بڕاوە و ئێرباگ تەقیو نەدەن.

سامال عەبدوڵڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان، دەڵێت: “لەمەودوا چاودێریی زیاتر دەخرێتە سەر هاوردەكردنی ئەم جۆرە ئۆتۆمبیلانە، هەر ئۆتۆمبێلێكی بەكارهاتوو هاوردە بكرێت بە سێ فلتەری پشكنیندا تێدەپەڕێ‌. دەبێ‌ كۆمپانیاكانی پشكنینی كواڵیتی، دڵنیایی ئەوەمان پێبدەن ئەو ئۆتۆمبێلانەی دوای پشكنین رێگەپێدانیان پێدەدەن، شیاو بن بۆ لێخوڕین، بە پێچەوانەوە هەر ئۆتۆمبێلێك مەرجەكانی داخڵكردنی تێدا نەبێ‌ و داخڵ بكرێ‌، كۆمپانیاكانی پشكنینی كواڵیتی سزا دەدرێن”.