بیلدەربێرگ.. ئەو گرووپەی کە بڕیاری نهێنی جیهانیی دەدەن و کاریگەرییان لەسەر بەڕێوەبردنی وڵاتان هەیە

کۆبوونەوەکانی بیلدەربێرگی جیهانیی کە بە نھێنی بەڕێوە دەچن، لە شاری مۆنترۆی سوید کۆتایی دێت و هەریەکە لە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جارید کوشنەر، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بەشدارییان تێدا کرد. بەپێی بانگەشەکان، کۆبوونەوەکانی بیلدەربێرگ رەهەندێکی جیهانیی هەیە و زۆربەی بریارە جیهانییەکان و چۆنەیتی بەرێوەبردنی وڵاتان لەو کۆبوونەوانەدا بڕیاری لەسەر دەدرێت. 

کۆبوونەوەکانی بیلدەربێرگ هەمیشە لەنێو خەڵک نهێنیی خۆی پاراستووە و بووەتە مایەی سەرنجی خەڵک. هەموو ساڵێک لە وڵاتێکی جیاواز ئەنجام دەدرێت. بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بریتین لە؛ کەسایەتیی سیاسیی جیهانیی، گەورە بازرگانان، کەسایەتییەکانی دیاری بواری میدیا و کەسایەتی ئەکادیمی بەناوبانگ. کۆبوونەوەکان نزیکەی ١٢٠ بۆ ١٥٠ کەس لەخۆ دەگرێت و بە ناوەکانی، کۆنفرانسی بیدلبێرگ و گرووپی بیدلبێرگ و یانەی بیدلبێرگ ناسراوە.

بۆ یەکەم جار کۆبوونەوەکانی بیدلبێرگ لە قەزای ئۆسەربەرک-ی وڵآتی هۆڵەندا دەستیپێکرد. ناوەکەشی لە شوێنی کۆبوونەوەکە وەرگرتووە کە هوتێلی بیدلبێرگە. بەپێی زانیارییەکان یەکەم کۆبوونەوەی بیدلبێرگ لە نێوان بەرواری ٢٩ بۆ ٣١ی مانگی ئاداری ساڵی ١٩٥٤ ئەنجام داوە. لەژێر ناونیشانی بەرێوەبردنی جیهان و گلۆبالی هەموو ساڵێک لە وڵاتێکی دیکە کۆبوونەوەکان بەڕێوەدەچن. سەرەتا جۆزیف ریتینگەر، سیاسەتوانی پۆڵۆنی دوورخراو بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی لە دژی شەپۆڵی ناڕەزایەتی دژ بە ئەمریکا هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان و نزیککردنەوەی ئەمریکا و ئەورووپای رۆژئاوا لە بوارەکانی سەربازیی و سیاسی و ئابووری.

ریتینگەر دوای وەرگرتنی رەزامەندی و پشتگیری شازادە بێرنهارد و پۆل ڤان زیلاند-ی سەرۆکوەزیرانی بەرلجیکا و پۆل ریکەنس، سەرۆکی گرووپی یونیلیڤەر، توانی کۆنفرانسەکە لە ئەورووپا پەرەبسێنێت و پشتگیری لێبکرێت. لەلایەکی دیکەشەوە هەڵسا بە رازیکردنی چارلس دۆگلاس جاکسن-ی گەورە راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا ئایسنهاوەر. یەکەم کۆبوونەوە بە بەشداری کەسایەتییەکانی ئەورووپا و ئەمریکا بەڕێوەچوو کە کۆی گشتی ٥٠ کەس بوون و لەرووی دیدگاوە کەسانی موحافەزەکار و لیبڕاڵ بوون.

دوای سەرکەوتنی یەکەم کۆبوونەوە، بڕیاردرا بە دووبارەکردنی کۆبوونەوەکە ساڵانە. دواتر بۆ ئیدارەدانی کۆبوونەوەکان سکرتاریەتێک دامەزرا و ریتینگەر بوو بە سکرتێری گشتی کۆبوونەوەکان. لەگەڵ ئەوەشدا تۆڕێکی نهێنی پێکهێنرا بۆ ئەوەی بەشداربووان بتوانن پەیوەندی بەیەکەوە بکەن و زانیاریی کەسیی خۆیان بدەن ەب یەکدی. کۆبوونەوەکانی دوای یەکەم کۆبوونەوە هەریەکە لە وڵاتانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و دانیمارک بەڕێوەچوو. یەکە کۆبوونەوەی بیلدبێرگ لە ساڵی ١٩٥٧ لە سانت دوورگەی سانت سایمن-ی ویلایەتی جۆرجیا بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەکە بە هاوکاریی دەزگای فۆرد و پێدانی ٣٠ هەزار دۆلار رێکخرا. شایەنی باسە دەزگای فۆرد پشتگیری ماددی بۆ کۆبوونەوەکانی ساڵانی ١٩٥٩ بۆ ١٩٦٣ پێشکەش کردووە.

کۆبوونەوەکان بە رێگەی کۆمیتەیەک رێکدەخرێت کە ٢ ئەندام لە ١٨ وڵاتی جیهانەوە لەخۆ دەگرێت. جگە لە سەرۆکی کۆمیتە، پۆستی سەرۆکی فەخریی و سکرتێری گشتیش هەیە. لەنێو ئەندامەکانی کۆمیتەشدا تەنها بژاردە ئەندامی هەمیشەیی هەیە.

دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی بیلدەربێرگ بریتین لە شازادەی هۆڵەندا بێرنهارد و سۆسیۆلۆجیستی پۆڵەندی پرۆفیسۆر دکتۆر جۆزیف هیرۆنیم ریتینگەر. شایەنی باسە ریتینگەر بە باوکی بیلدەربێرگ ناسراوە. دوای مردنی ریتینگەر، ئێرنست ڤان دەر بۆگەل-ی ئابووریناسی هۆڵەندی پۆستی سکرتێری گشتی کۆمەڵەکەی وەرگرتووە.

بانگەشە میدیاییەکان ئەوەمان بۆ دەخەنەڕوو کە بیلدەربێرگ گەورەترین حکوومەتی وڵاتانی جیهانە و سەرجەم بڕیارە نهێنییەکان لەو کۆبوونەوانەوە دەچوورێتەوە. شایەنی باسە سەرجەم کۆبوونەوەکان بە نهێنی ئەنجام دەدرێن و بەڕووی میدیاکانەوە داخراوە. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە کە دوای کۆبوونەوەکە هیچ راگەیەندراوێک یاخود بەیاننامەیەک بڵاوناکرێتەوە.