زیاتر لەسێ هەزار گەشتیاری فارس و كوردانی رۆژهەڵات سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە

لەماوەی چوار رۆژی رابوردوودا و لەڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە، زیاتر لەسێ هەزار گەشتیاری فارس و كوردانی رۆژهەڵات سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە و زیاتر لەهەشت هەزار گەشتیاریش لەهەرێمەوە چوونەتە شارەكانی رۆژهەڵات و وڵاتی ئێران. 

بەپێی ئامارێكی بنكەی نشینگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، هاتووە “بەهۆی هاتنی پشووەكانی جەژنی رەمەزانەوە، لەڕۆژی 31ی ئایاری 2019 لەڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە، 810 گەشتیاری ئێرانی كە پێكهاتوون لەكوردانی رۆژهەڵات و فارس هاتوونەتە خاكی هەرێمەوە”. 

هاوكات رۆژی 1ی حوزەیران، (924) گەشتیار و لە2ی حوزەیران (1000) گەشتیار و لەڕێكەوتی 3ی حوزیرانیش كە رۆژێك پێش جەژنی رەمەزان دەكات (886) گەشتیار هاتوونەتە خاكی هەرێم”. بەپێی ئامارەكە كۆی گشتی هاتنی گەشتیارانی ئێرانی بۆ هەرێم، لەچوار رۆژی رابوردوودا، بریتییە لە سێ هەزار و (620) گەشتیار. 

هەر بەپێی ئەو ئامارە تایبەتە، لەماوەی رۆژانی 31ی ئایار و 1 و 2 و 3ی حوزیرانی 2019، ژمارەی چوونی گەشتیارانی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە بۆ شارەكانی رۆژهەڵات و ناوچەكانی تری كۆماری ئیسلامی ئێران بریتی بووە لەهەشت هەزار و (758) گەشتیار.