واشنتۆن: ھیچ وڵاتێک لە گەمارۆکانی سەر ئێران نابه‌خشرێ

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مۆرگان ئۆرتاگۆس رایگەیاند ھیچ وڵاتێک لە گەمارۆکانی سەر ئێران نابه‌خشرێ و جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی ئەوان بریتییە لە سفرکردنەوەی فرۆشتنی نەوتی ئێران.

ئۆرتاگۆس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە. 

ئۆرتاگۆس لەبارەی پرسیاری ئەوەی کە ئایا وڵاتانی وەک ھیندستان و چین کە لە چوارچێوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، نەوت لەو وڵاتە دەکڕن، ده‌به‌خشرێن یاخود نا؟ گوتی: “سیاسەتی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ بریتییە لە نزمکردنەوەی رێژەی فرۆشتنی نەوتی ئێران بۆ سفر. لەمبارەیەوە ھیچ لێبووردنێک لە ئارادا نییە. بەر لە ساڵێک زۆر کە س و لایەن رایانگەیاندبوو کە سەپاندنی سزای تاکلایانانە سوودی نابێت کەچی سوودی ھەبوو. زۆر کەس باسی ئەوەیان دەکرد کە جیھان پابەندی سزاکانی ئەمریکا نابێت کەچی پابەندبوون پێیەوە. لەمبارەیەوە توندترین بانک و کۆمپانیاکانی ئەورووپا لە ئێران ھاتنە دەرەوە و پابەندی گەماڕۆکان بوون”. 

شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز لە دوای ھێرشکردنە سەر ھێڵی بۆری نەوتی گەرووی ھورموز و ھێرشکردنە سەر کەشتییەکان، بانگھێشتی کۆبوونەوەی بەپەلەی کرد و رایگەیاندبوو کە وڵاتانی وەک میسر، فەڵەستین، کوێت، ئوردن و ئیمارات بەشداری لە کۆبوونەوەکە دەکەن. 

گرژیی ئەمریکا-ئێران 

حکوومەتەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە ھەشتی ئایاری ٢٠١٨ کشانەوەی لەو رێککەوتنە ئەتۆمییە راگەیاند کە ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران واژوو کرا. 

پاشان ئەمریکا سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە کە ھەناردەی نەوتی ئەو وڵاتەی کردە ئامانج و لە مانگی نیساندا سوپای پاسدارانی خستە لیستی “رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان”ەوە. 

بەرامبەر سزاکانی ئەمریکا، سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی لە ھەشتی ئایاری ٢٠١٩دا دووبارە بەشێکی چالاکییە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی دەستپێکردەوە و ماوەی ٦٠ رۆژی دیاریکرد بۆ لایەنەکانی رێککەوتنەکە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران. 

لە لایەکی دیکەوە، ماوەیەکی کەم لەمەوبەر ئەمریکا بە ئامانجی گرتنەبەری رێوشوێن دژبە ھەر مەترسییەکی ئێران کەشتی فڕۆکە ھەڵگری ئەبراھام لینکۆڵن و چوار فڕۆکەی بۆردومانی ناسراو به‌ B-٥٢ی رەوانەی ناوچەی کەنداو کرد.