له‌ سلێمانی نۆرینگەی پزیشکی بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان دەکرێتە خۆڕایی


ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند سەندیکای پزیشکان لە پارێزگای سلێمانی ڕەزامەندی نیشان داوە کە ھەر پزیشکێک بیەوێت خزمەتگوزاری تەندروستی بێ بەرانبەر پێشکەشی خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان بکات، ڕێگری لێ ناکەن.

کاسترۆ مەعروف ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند دوای ئەوەی داواکاریمان دایە لقی سلێمانی سەندیکای پزیشکانی کوردستان کە لە بینین و چارەسەری نەخۆشیەکانیان، بێ بەرانبەر ھاوکاری خاوەن پێداویستیە تایبەتەكانبکەن، خۆشبەختانە ڕەزامەندی و لاری نەبوونیان دەربڕی.

وتیشی بەپێی بڕیارەکەی لقی سلێمانی سەندیکای پزیشکان، ڕێگر نابن لە ھەر پزیشکێک کە بیەوێت بێ بەرانبەر نەخۆشی خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان ببینێت و چارەسەری بکات، ھاوکات ناوی ژمارەیەک پزیشکیشیان لە پسپۆڕی جیاواز ناردووە کە ئامادەن بێ بەرانبەر خاوەن پێداویستیە تایبەتە نەخۆشەكان چارەسەر بکەن.

باسی لەوەش کرد دوای ڕێکارە پێویستەکان، بە ھاوکاری لایەنی پەیوەندیدار ئەو بڕیار و خزمەتگوزارییە بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ھەوڵیشدا دەبن جۆری خزمەتگوزاریەکە بۆ ئەو توێژەی کۆمەڵگە فراوان بکەن.