وەزارەتی ناوخۆ کاری تاکسی لە ژمارەیەک فەرمانبەر قەدەغە دەکات


بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند، “فەرمانبەرانی حکوومەت لە پلە یەک تا پلە شەش، ھێزەکانی ناوخۆ و فەرمانبەرانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە قەدەغەیە کاری شوفێری تاکسی بکەن”.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە کار لەسەر ئەوە دەکات کاری شوفێری تاکسی لە بەشێک لە فەرمانبەران و بە گشتیش لە فەرمانبەرانی پەیوەندییەکانی دەرەوە قەدەغە بکات و ئاشکرایشی دەکات کە ئاماری سیستەمی بایۆمەترییان بە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ بەستووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانن ئاسانتر کار لەسەر ئەم بابەتە بکەن.

هاوکات بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆ رایدەگەیەنێت کە دەیانەوێت کاری شوفێری تاکسی لە ھەرێمی کوردستان بکەن بە پیشە بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاری قەدەغەکردنی کاری شوفێری تاکسی لە بەشێکی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێم، کاری لەسەر دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە سامی جەلال وتیشی، “بڕیاری قەدەغەکردنی شوفێری تاکسی لە فەرمانبەران کاری لەسەر دەکرێت، ئاماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆ بەستراوەتەوە، فەرمانبەرانی حکوومەت لە پلە یەک تا پلە شەش، ھێزەکانی ناوخۆ و فەرمانبەرانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە قەدەغەیە کاری شوفێری تاکسی بکەن، ئەو فەرمانبەرانەی دیکەش کە پلەکانییان ٧،٨،٩،١٠ کە مووچەیان کەمە، ئەوا دەتوانن بە رەزامەندی خۆیان کاری شوفێری تەکسی بکەن”.

شایەنی باسە بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، “ئێستا پێدانی مووچە ئاسایی بووەتەوە و فەرمانبەران تەواوی مووچە بەبێ پاشەکەوت پێدەدرێت، بۆیە ئەو بڕیارە بەردەوام دەبێت و کاری پێدەکرێت. دەبێت شوفێری تەکسی پیشە بێت کە لە ھەموو جیھان پیشەیە”.