ئێران قەبارەی هەناردەكانی بۆ عیراق زیاد دەكات


حكومەتی ئێران قەبارەی هەناردەكانی لە كاڵاو شمەك بۆ عیراق زیاد دەكات و بەتەنهاش پارێزگای كوردستان هەوڵ دەدات بەهای هەناردەكانیان بۆ زیاتر لە (2) ملیار دۆلاری ساڵانە بەرز بكەنەوە.

لەوبارەیشەوە  حسێن فەیروزی یاریدەدەری پارێزگاری كوردستان بۆ كاروباری ئابوری رایگەیاند: هەرچەندە بەشە هەناردەی كاڵای پارێزگاكەیان بۆ عیراق بە (3) ملیار دۆلاری ساڵانە دیاریكراوە بەڵام ئێستا تەنها بەبەهای یەك ملیار دۆلار كاڵا بۆ عیراق هەناردەدەكەن و هەوڵیش دەدەن تاكۆتایهاتی ساڵی نوێ‌ بە رۆژمێری ئێرانی بەهای ئەو هەناردانە بۆ نزیكەی (2) ملیارو (500) ملیۆن دۆلار بەرزبكەنەوە.

وتیشی: بۆ هەناردەی كاڵاكانیان بۆ عیراق بەشێوەیەكی سەرەكی سوود لە دەروازە سنوریەكانی (باشماخ و سەیران بەن) وەردەگرن و ئێستاش هەوڵەكانیان بۆ جێبەجێكردنی چەندین پرۆژەی گرنگ لە مەرزی سەیرانبەندا دەستپێكردووەو بەم نزیكانەش لەرێگەی وەبەرهێنانی كەرتی تایبەتەوە هۆتێل و چێشتخانەو سەنتەری خزمەتگوزاری و گەراجی ئۆتۆمبێل و چەند پرۆژەیەكی تری تێدا ئەنجام دەدەن.