نرخی په‌تاته‌ له‌ بازاڕه‌كانی كوردستان به‌رزده‌بێته‌وه‌

وەزارەتی بازرگانی ئێران بڕیاریدا هەناردەكردنی پەتاتە و پیاز بۆ دەرەوەی وڵات قەدەغە بكرێت, لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم ھەواڵەشدا نرخی ئەو دوو بەرھەمە لە بازارەکانی کوردستان روویان لە بەرزبونەوە کرد.


عەتا محەمەد, نوێنەری بازرگانانی عەلوەی سلێمانی رایگەیاند ”لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ھەواڵەكەدا نرخی پەتاتە لە ٤٠٠ دینارەوە بۆ ٦٠٠ دینار بەرزبۆتەوە”. 


راشیگەیاند ”تاکە جێگرەوەی پەتاتەی ئێرانی لەم کاتەدا پەتاتەی پاکستانە کە پاکستانیش فشارێکی زۆری لەسەرە و نرخەکەی گرانە، سەبارەت بە پیازیش ھەفتەی داھاتوو باخیرەیەک ھاوردەی کوردستان دەکرێت کە ٦٠٠ تەن پیازی تێدایە و لەم برەش زیاد لە ٣٠٠ تەنی بۆ شاری سلێمانی کە بازرگانانی خۆمان داوایان کردوە”.


ڕەزا ڕەحمانی وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئێران لەنامەیەكدا بۆ سەرجەم گومركەكانی ئێران بڕیاریدا كە هەناردەكردنی پیاز و پەتاتە بۆ دەرەوەی وڵات قەدەغە بكرێت، ئەم بڕیارەش وای ئەوە دێت كە نرخی پیاز و پەتاتە لەناو بازاڕەكانی ئێراندا بەرز بۆتەوە و ئەمەش نیگەرانی و گلەیی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتەی لێكەوتۆتەوە.


لەئێستادا، نرخی هەر كیلۆیەك پەتاتە و پیاز تا نزیكەی 15 هەزار تمەن بەرز بوەتەوە لە هەندێك شوێن گەیشتووە بە 18 هەزار تمەن.