هیندستان و پاکستان ژمارەیەک لە فڕۆکەخانەکانی خۆیان دادەخەن


هیندستان بە هۆی ئەو گرژییە سەربازییانەی لەگەڵ پاکستاندا لەسەر سنوور هاتووەتە ئاراوە، ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکەی لەبەر هۆکاری ئەمنی داخست.

بەپێی هەواڵێک کە لە ئاژانسی پرێس ترەست ئیندیادا بڵاوکراوەتەوە، فەرمانگەی فڕۆکەخانەکانی هیندستان، هەریەک لە فڕۆکەخانەکانی سریناگار و جامولەهـ لە جامو کشمیر، فڕۆکەخانەی چاندیگار کە ناوندی هاوبەشی هەردوو پارێزگای هاریانا و پنجابە و فڕۆکەخانەی ئامریتسار لە پارێزگای پنجاب بەڕووی گەشتە مەدەنییەکاندا داخستووە.

هاوکات بەپێی ئەو هەواڵانەی کە لە میدیاکانی پاکستاندا بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە ئەو فڕۆکە مەدەنییانەی کە کایەی ئاسمانیی پاکستان و هیندستان بەکاردەهێنن یان گەڕاونەتەوە ئەو فڕۆکەخانانەی لێوەی فڕیون یانیش رێڕەوی جێگرەوەیان گرتووەتە بەر.

لە لایەکی دیکەوە و هاوشێوەی هیندستان، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی لە پاکستان ئاشکرایکرد لە هەریەک لە فڕۆکەخانەکانی لاهور، موڵتان، فەیسەڵ ئاباد، سیالکۆت و ئیسلام ئابادی پایتەخت، گەشتەکانی راگرتووە.